Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دکتۆر محەمەد شوکری بۆ KDP: بەشداریی مەسروور بارزانی لە لووتکەی دوبەی ئاسۆیەکی نوێی ئابوورییە

دوبەی-KDP.info- دکتۆر محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، تیشک دەخاتە سەر گرنگیی بەشداریی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە "لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان" لە ئیمارات و بایەخی ئەم گەشتە بۆ ئایندەی ئابووریی هەرێم دەخاتە ڕوو و دەڵێ، دەستکەوتی گرنگی سیاسی و ئابووریی بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، کە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان لە سایەی سەرۆکی حکوومەتدا لە گەشەکردنێکی بەردەوامدایە. گوتیشی، "پەیوەندییەکانی سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ سەرکردایەتی و سەرۆکایەتیی ئیمارات لە ئاستێکی زۆر باڵادایە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر بوارەکانی وەبەرهێنان، بازرگانی و دیجیتاڵکردنی دامەزراوەکانی حکوومەت هەبووە."

دکتۆر محەمەد شوکری تیشکی خستە سەر ئەوەی کە بوونی نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئیمارات لە هەرێمی کوردستان بە پلەی "وەزیر"، بەڵگەیەکی سەلمێنەرە بۆ گرنگیی پێگەی سیاسی و ئابووریی کوردستان لە ناوچەکەدا.

لە کۆتایی قسەکانیدا، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئومێدی خواست کە ئەم بەشدارییە و دیدارەکانی سەرۆکی حکوومەت لە پەراوێزی لووتکەکەدا، ببنە هۆی ڕاکێشانی وەبەرهێنەری بیانیی زیاتر و بەرزکردنەوەی ئاستی بازرگانی، کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی بووژانەوەی گشتیی دۆخی ئابووری لە هەرێمی کوردستاندا.

 

بڵند ئیبراهیم