Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆک بارزانی: سوپاسی هەڵوێستی مێژوویی و دڵسۆزانەی هاووڵاتیانی كوردستان دەکەم

ھەولێر-KDP.info- سەرۆک مەسعود بارزانی، پەیامێکی سوپاسگوزاری و پێزانینی ئاراستەی هاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد، لە بەرامبەر هەڵوێستە نەتەوەییەکەیان بۆ هاوکاریکردنی لێقەوماوانی ڕۆژئاوای کوردستان.

لە پەیامەکەیدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە، ٤ـی شوباتی ٢٠٢٦ بڵاوکرایەوە، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: "زۆر سوپاسی هەموو هاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان دەکەم بۆ بەدەمەوەهاتنی دڵسۆزانەیان، لە کۆکردنەوەی هاوکاری و یارمەتیدان بۆ خوشک و برایانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان. ئەم هەڵوێستەیان مێژووییە و جێگەی شانازی و پێزانینە."

دەقی پەیامەكەی سەرۆك بارزانی:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

زۆر سوپاسی هەموو هاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان دەکەم بۆ بە دەنگ هاتنی دڵسۆزانەیان، لە کۆکردنەوەی هاوکاری و یارمەتیدان بۆ خوشک و برایانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان. ئەم هەڵوێستەیان مێژووییە و جێگەی شانازی و پێزانینە.

هەروەها دەستخۆشی و سوپاسی تایبەتی دەزگەی خێرخوازیی بارزانی و هەموو ئەو ڕێکخراو و لایەن و کەسایەتی و میدیایانە دەکەم کە ڕۆڵیان هەبووە لە کۆکردنەوەی هاوکاری و پێداویستی و یارمەتییەکان بۆ خوشک و برایانمان لە ڕۆژئاوا، و هەوڵ و ماندووبوونەکانیان بەرز دەنرخێنم. ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانیان بە باشترین شێوە ئەنجام دا. بێگومان ئەم هەڵوێستە کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی هەستی نیشتیمانپەروەری و هۆشیاریی نەتەوەیی بەجێدەهێڵێت.

خەڵکی خۆشەویستی کوردستان جارێکی تر ئەو ڕاستییەیان بۆ هەموو جیهان دووپاتکردەوە کە گەلی کوردستان لە خۆشی و ناخۆشیدا هاوبەش و هاوخەم و پشت و پەنای یەکترن.

 

مسعود بارزانی

4ی شوباتی 2026