Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕێنوێنیی پێدانی زەوی بە فەرمانبەرانی گرێبەست چووە بواری جێبەجێکردنەوە

ھەولێر-KDP.info- بە فەرمانی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە ڕێنوێنییەکانی دابەشکردنی زەویدا کرا و بە فەرمی فەرمانبەرانی گرێبەست خرانە لیستی سوودمەندبووانەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ٤ـی شوباتی ٢٠٢٦، ڕێنوێنیی نوێی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕۆژنامەی فەرمیی (وەقایعی کوردستان) بڵاوکرایەوە. گرنگترین خاڵەکانی ڕێنوێنییەکە بریتین لە:

یەکسانی لە مافدا: فەرمانبەرانی گرێبەست هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی (شارستانی و سەربازی) زەوییان پێ دەدرێت.

مەرجی خزمەت: هەر فەرمانبەرێکی گرێبەست کە ٨ ساڵ و زیاتر خزمەتی هەبێت و پێشتر سوودمەند نەبووبێت، مافی وەرگرتنی زەویی هەیە.

ڕووبەری زەوی: بڕی ٢٠٠ مەتر زەوی بۆ هەر فەرمانبەرێکی شایستە تەرخان دەکرێت.

ئەم هەنگاوە درێژەپێدەری بڕیاری ٢٧ـی ئاداری ٢٠٢٤ـی ئەنجوومەنی وەزیرانە کە بە فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، مەبەست لێی باشترکردنی گوزەرانی فەرمانبەران و دابینکردنی مافی نیشتەجێبوونە بۆ ئەو چینەی کە ساڵانێکی درێژ خزمەتی کەرتی گشتییان کردووە.