Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فازڵ میرانی: دەزگای خێرخوازیی بارزانی کارێکی مرۆیی بێوێنەی لە ڕۆژئاوا ئەنجام دا

هەولێر-KDP.info- فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ستایشی ڕۆڵی مرۆیی و نەتەوەیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد و ڕایگەیاند کە گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، هەنگاوێکی بێوێنە بوو بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی گەلی کورد.

ئەمڕۆ، فازڵ میرانی سەردانی بارەگای سەرەکیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد و لەلایەن موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگاوە پێشوازی لێکرا. لە دیدارێکدا، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوە کرد: "ئەوەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامی دا، کارێکی مرۆیی گەورە و بێوێنە بوو؛ لە هەمان کاتدا پەیامێکی قووڵی نەتەوەییە بۆ بەیەکەوە گرێدانی پێکهاتەکانی گەلی کورد."

لە بەرانبەردا، موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، کورتەیەکی لەبارەی ڕەوشی مرۆیی و بارودۆخی ئاوارەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان خستە ڕوو. ناوبراو ڕوونی کردەوە کە تیمەکانیان توانیویانە لە ماوەیەکی پێوانەیی و کەمدا، بڕێکی یەکجار زۆری پێداویستی و هاوکاریی مرۆیی بگەیەننە ناوچەکە و بەسەر لێقەوماوان و ئاوارەکاندا دابەشی بکەن.

ئەم سەردانە لە چوارچێوەی پشتیوانیکردنی ئەو هەوڵە مرۆییانەدایە کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەک ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی و نیشتمانی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان و ناوچەکە پێشکەشی دەکات.