Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە کۆتاییپێهێنانی شەڕ لە ڕۆژئاوای کوردستان

چیا هەرکی

سەرۆک بارزانی لە ماوەی ڕابردوودا، ڕۆڵێکی بەرچاو و کاریگەرانەی لە هەوڵەکانی کۆتاییپێهێنانی شەڕ و پێکدادانەکان لە نێوان حکوومەتی سووریا و هێزە کوردییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان هەبووە. ئەم هەوڵانە لە چوارچێوەی دیدگای ئاشتیخوازانە و باوەڕی بە چارەسەری سیاسی بۆ کێشەکانی نەتەوەی کورد دەهات، هەر لە سەرەتاوە، سەرۆک بارزانی هانی لایەنەکانی داوە بۆ خۆدوورگرتن لە شەڕ و توندوتیژی و هانی داون بۆ دانیشتن و دیالۆگ. بەرپرسایەتیی نیشتمانی و نیگەرانی لە ڕژانی خوێنی کوردان، هەوڵەکانی لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان، بوونە هۆکاری سەرەکی بۆ بەردەوامبوونی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.

هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی لە ڕێگای سەردانی ڕاستەوخۆی بۆ ئەوڕووپا، هەروەها پەیوەندیی ڕاستەوخۆ و بەردەوامی لەگەڵ حکوومەتی سووریا و هەسەدە و نوێنەری ئەمریکا، زەمینەیان بۆ ئاگربەست ساز کرد، ئەم ئاگربەستەش دەرفەتێکی گرنگ بوو بۆ ڕاوەستاندنی ڕژانی خوێن و دەستپێکردنی دیالۆگی سیاسی کە لە کۆتاییدا بووە هۆی ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی نێوان هەردوو لا، لە ئەنجامدا، هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی و لایەنە پشتیوانەکان، بوونە هۆی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لە نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی هەسەدە. ئەم ڕێککەوتنە کە لەسەر بنەمای پارێزگاری لە مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانی کوردان دامەزرا، دەرفەتێکی مێژوویی بوو بۆ ئاشتی و سەقامگیری، ڕۆڵی سەرۆک بارزانی نموونەیەکی ڕوون بوو لەسەر باوەڕی بە دیالۆگ و ئاشتی. ئەم هەوڵە ئاشتیخوازانەیە ڕێگا بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی باشتر بۆ کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان خۆش دەکات و نموونەیەک بوو بۆ چۆنیەتیی چارەسەری کێشەکان بە ڕێگای ئاشتیانە.

 

ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتی دیموكراتی كوردستان