چنار سەعد عەبدوڵڵا
ئەزموونی گەلان و جەنگە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، سەلماندوویانە کە هەبوونی جەنگاوەری ئازا و سوپای بەهێز و پڕچەک بۆ سەرکەوتن بەسەر دوژمن و نەیارەکان، بە تەنیا بەس نییە، بەڵکوو چەند فاکتەرێکی گرنگی دیکە پێویستە، وەکو:
1- ئابووری: جەنگ پێویستی بە پاڵپشتیی دارایی و بودجەی زەبەلاح هەیە، بەتایبەتی بۆ دابینکردنی چەک و پێداویستییەکانی جەنگ. دەوڵەت یان کیانی سیاسیی بەهێز لەڕووی سەربازی، لاواز لەڕووی ئابووری، ئەگەری داڕمان و کەوتنی خێراترە.
2- هاوپەیمانی و پەیوەندیی ناودەوڵەتی: لە جەنگدا هەبوونی پشتیوانیی نێودەوڵەتی و هاوکاری، ئابووری، سیاسی و ئەمنیەتی (استخباراتی) و دروستکردنی تۆڕی بەرژەوەندیی لەگەڵ وڵاتان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان زۆر گرنگە.
3- زانیاری ئیستخباراتی: کارامەیی لە بەدەستهێنانی زانیاریی سەبارەت بە جووڵەی دوژمن و پلانەکانیان، بەتەواوی یەکسانە بە هێزی سەربازی و ڕوکنێکی کاریگەرە لە یەکلاکردنەوەی شەڕەکان.
4- سەقامگیریی ناوخۆیی: گەلێکی یەکگرتوو، خاوەن ئابوورییەکی جێگیر، سەرکەوتن لە شەڕ مسۆگەر دەکات. بەپێچەوانەوە ناکۆکی و دابەشبوونی ناوخۆیی، هێزی سەربازیش پەرتەوازە و لاواز دەکات.
5- سەرکردایەتی و ستراتیژیەت: سەرکردایەتییەکی دانا و هۆشیار، پلانێکی درێژخایەن، بەکارهێنانی کەرستەکان بەشێوەی زیرەکانە، بردنەوە مسۆگەر دەکات.
6- ڕەوایەتی دۆز و پشتگیریی نێودەوڵەتی: خەبات و قوربانیدان لەپێناو پرسێک کە ڕەوایەتی لە بنەماکانی ئازادی و ڕزگاریی نەتەوەیی و ڕەتکردنەوەی چەوسانەوە و سەرکوتکردن وەرگرتووە، هاوسەنگ لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ و دیموکراسییەت پشتگیریی ناودەوڵەتی بەدەست دەهێنێت. بەپێچەوانەوە، سەرکەوتنی هێزی سەربازی دڕندە و جەبەروت لە جەنگدا بەهەر بەهایەک بێت و پێشێلکاری و تاوانی مرۆیی ئەنجام دابێت، بەهای ئەوتۆی نییە و ڕەوایەتی نێودەوڵەتی لەدەست دەدات.
کەواتە بەگوێرەی ئەم فاکتەرانەی سەرەوە بێت، خاڵی بەهێزی گەلی کورد لە پێشهاتی ئەمدواییەی ڕۆژئاوا بریتی بوو لە:
-یەکگرتوویی و پشتیوانیی ناوخۆیی گەلی کورد لە یەکتری کە لەمێژوودا وێنەی کەمە.
-پشتیوانیی سەرکردایەتیی کورد لە باشوور، بەتایبەتی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێم و سهرۆكی حكوومهت، خۆبەخاوەنکردن لە مافی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و بەشداریی ڕاستەوخۆ لە دانوستاندنەکان، لۆبیکردن بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی نێودەوڵەتی.
-پاڵپشتی و کۆمەکی مرۆیی هەرێم و گەلی کوردستان، لە هەموو جیهان بۆ لێقەوماوانی ڕۆژئاوا.
-سوودوەرگرتن لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و تەکنەلۆژیا بەشێوەیەکی زۆر کاریگەر، لەلایهن نەوەی تازە و لاوان و گەنجانی کورستان و بڵاوکردنەوەی پەیام و لۆبیکردن لە هەموو ئاستەکاندا.
-پرسی کورد لە ئاستی جیهان خەریکە پێ دەهاوێتە قۆناغێکی تازە و ڕەوایەتی بەدەست دەهێنێت و لەلایهن زۆر لە دەزگه و ناوەندی نێودەوڵەتی پشتیوانی دەکرێت. هێشتا مەیدانی جەنگ و ململانێ لە ناوچەکە زۆر گەرمە، پاراستنی فاکتەری هێزی گەلی کورد و چارەسەرکردنی خاڵە لاوازەکان، سەرکەوتن مسۆگەر دەکات.