د. عرفان عه‌زیز
هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ی تۆماس باراك به‌یاننامه‌ی ده‌ركرد و داوای كرد سه‌رۆك بارزانی ڕۆڵی خۆی لە داهاتووی عێراقدا ببینێت، هه‌موو چاوه‌كان لەسەر ئەوە بوون کە ئه‌و ڕۆڵه‌ی سه‌رۆك بارزانی بۆ پرۆسه‌ی ئاشتی لە سووریا خستیه‌كار و دواجار ڕێككه‌وتنی دیمه‌شق و هه‌سه‌ده‌ی لێ به‌رهه‌م هات، بگوازرێته‌وه بۆ ده‌ربازبوونی عێراق لەو چه‌قبه‌ستووییه سیاسییه‌ی كه تووشی هاتووه.
به‌لای ئه‌مریكاوه پێزانینی زۆر هه‌یه بۆ هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆك بارزانی، به‌وه‌ی ڕۆڵی به‌هێزی هه‌بوو نه‌هێڵێت ئاگری جه‌نگ لە سووریا ته‌شه‌نه بكات؛ ته‌نانه‌ت تۆماس باراك به‌ناوی سه‌رۆك ترامپه‌وه سڵاو و ڕێزی بۆ ئه‌و هه‌وڵانە هه‌بووه، ئه‌مه‌ش ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه كه لە ئاستی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مه‌ریكاوه، باش ئاگاداری گفتوگۆ و دانوستانه‌كانی تایبه‌ت به سووریا بوون كه سه‌رۆك بارزانی تێیاندا ڕۆڵی كاریگەری هه‌بووه.
ئێستا بارودۆخی عێراق لە ڕووی سیاسییه‌وه ناجێگیره، به‌تایبه‌ت دوای په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، ئاماژه‌كانیش به‌ره‌و ئه‌وه‌ن كه دووباره سه‌ركردایه‌تیی عێراق په‌نا بۆ سه‌رۆك بارزانی ببات بۆ كردنه‌وه‌ی ئه‌م گرێكوێرانه. سه‌رۆك بارزانی، كه هه‌م پشتیوانیی گه‌وره‌ی جیهانیی هه‌یه و هه‌م لە ئاستی شه‌قامی كوردستان و عێراقدا وه‌ك مه‌رجه‌ع مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، ئه‌مجاره‌ش نه‌خشه‌كەی بۆ داهاتووی عێراق و ناوچه‌كه، ئه‌گه‌ر پابه‌ندبوونی پێوه بكرێت، به‌دڵنیاییه‌وه هیچ لایه‌نێك زه‌ره‌رمه‌ند نابێت.
به‌شێكی زۆری سیاسییه‌كان ده‌پرسن: هۆكاری چییه ده‌ستپێشخه‌ری و قسه‌ی سه‌رۆك بارزانی لە ئاستی جیهاندا هێندە به‌هه‌ند وه‌رده‌گیرێت؟ لێره‌دا سێ خاڵی گرنگ هه‌ن:
یه‌كه‌م: سه‌رۆك بارزانی لە هه‌ڵبژاردنی كات، شوێن و بڕیاردا، باش ده‌زانێت لە كوێدا "نا" و لە كوێدا "به‌ڵێ" به‌كار بهێنێت. چونكه به واقعی سیاسییه‌وه مامه‌ڵه ده‌كات، دواجار هه‌مووان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ بڕیاره‌كانی.
دووه‌م: سه‌رۆك بارزانی ته‌مه‌نێكه لە دونیای سیاسه‌تدایە و باش لە فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی ئه‌م ناوچه‌یه گه‌یشتووه. سیاسه‌ت لێرە هەم پێویستی بە لۆژیكە و هەم خوێندنەوەی جوگرافی و نەتەوەیی؛ مه‌رجه‌عبوونی سه‌رۆك لەو خوێندنه‌وه قوڵه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه لە ناو جه‌رگه‌ی شۆڕشی ئه‌یلوول و خه‌باتی شاخ و شاردا په‌روه‌رده بووه.
سێیه‌م: سه‌رۆك بارزانی خاوه‌نی حزبێكی گه‌وره‌ی وه‌ك پارتی دیموكراتی كوردستانه، كه خاوه‌نی زیاتر لە ملیۆنێك ده‌نگ و پشتیوانییه‌كی گه‌وره‌ی جه‌ماوه‌رییه. ئه‌مه‌ش وا ده‌كات بڕیاره‌كانی لە سه‌رچاوه‌ی باوه‌ڕبوونی جه‌ماوه‌ره‌وه بێت.
ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه، گۆڕانكارییه‌كی خێرا لە ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ڕێوه‌یه. هه‌ر ناوچه و ده‌وڵه‌تێك سه‌ركرده‌یه‌كی لێزان و كاریزمای نه‌بێت، مه‌ترسیی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سیسته‌م و چوونه ژێرباری ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌كانی لێ ده‌كرێت. به‌ڵام قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستان، لە سێبه‌ری كاریزمایه‌كی وه‌ك سه‌رۆك بارزانیدا به پارێزراوی ماونه‌ته‌وه. ئه‌وه‌تا نوێنه‌ری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا داوای لێ ده‌كات ڕۆڵی خۆی لە عێراقدا ببینێت؛ ئه‌و عێراقه‌ی كه لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا له ڕێگه‌ی دادگای فیدراڵی و په‌رله‌مانه‌وه هه‌وڵی لاوازكردنی پێگه‌ی كوردستانیان دا، به‌ڵام دواجار هه‌مان ئه‌و سه‌ركردانە ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ری گرفته‌كانیان سه‌ردانی سه‌رۆك بارزانی بكه‌نه‌وه.