Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ھاوسەنگەرانی کاک ئیدریس: ئەو ئەندازیاری تەبایی و قوتابخانەی وەفا بوو

ھەولێر-KDP.info- لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، ٣١ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٨٧، لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان "ئیدریس بارزانی" سەرکردەی کورد و ئەندازیاری ئاشتی، بۆ ھەمیشە ماڵاوایی کرد. ھاوڕێ و ھاوسەنگەرانی باس لە ڕۆڵ و پێگەی ئەو دەکەن کە ھاوکات لەگەڵ سەرۆک بارزانی، شانی دابووە بەر کاروباری شۆڕش و خزمەتی گەلی کوردستان.

سەلیم ئەسعەد خۆشەوی، فەرماندەی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، ''چەند ساڵێک لە خزمەت شەھید ئیدریسدا بووم. لە سەرەتای لاوێتییەوە، ئەو و سەرۆک بارزانی ھەردووکیان لە خزمەت بارزانیی نەمردا بوون بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری شۆڕش. زۆر ھاوکار بوون، بەتایبەت بۆ خزمەتکردنی پێشمەرگە و خەڵکی ھەژار. شەھید ئیدریس بەمانای وشە کاریزما بوو؛ ھەرچەند وەسفی بکەین تەواو نابێت، چونکە مرۆڤێک بوو جیاوازیی نەدەکرد و ھەر کوردێک لە ھەر شوێنێک سەردانی کردبایە، تا پێی کرابایە کارەکەی بۆ ڕادەپەڕاند.

خۆشەوی گوتیشی، ''لە سەردەمی ئاوارەییشدا، ئاوارەکان ماون و گەواھی میھرەبانیی شەھید ئیدریس دەدەن. یەکێک لە سیفاتە ھەرە دیارەکانی ئەوە بوو، ھەر کێشەیەک گەیشتبایە بەردەستی، زۆر زوو چارەسەری بۆ دەدۆزییەوە. دەستکەوتەکانی ئەمڕۆی کوردستان بەرھەمی خوێن و خەباتی شەھید ئیدریس و ھەزاران شەھیدی ترە.

لیوا فەریاد بارزانی، بەم بۆنەیەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند، ''شەھید ئیدریس بارزانی، براگەورە و ھاوسەنگەری سەرۆک مەسعود بارزانی بوو لە ڕۆژە سەختەکاندا. حیکمەت و دڵسۆزیی ئەو مرۆڤە مەزنەم لە نزیکەوە دەبینی؛ چۆن بە دیپلۆماسییە کاریزمایییەکەی ببووە پردی پەیوەندیی کورد و جیھان، و چۆن ببووە مامەخەمەی ئاشتی و یەکبوون. ئەو ئەندازیاری ئاشتی و دامەزرێنەری بەرەی کوردستانی بوو.

لای خۆشیەوە دەروێش ئاغا، بەرپرسی کۆمەڵایەتیی گشتی گوتی، ''شەھید ئیدریس لە ڕووی سیاسی، ئایینی و کۆمەڵایەتییەوە کەسایەتییەکی زۆر بەھێز بوو. پێشمەرگەیەکی بەرگخاکی و ڕاستەقینە بوو. ھەرکاتێک دەچووینە خزمەتی، ھەموو ئازار و ناڕەحەتییەکانی لەبیر دەبردینەوە. کەسێک بوو بێ ئامۆژگاری و ھاوکاری و دڵدانەوە کەسی لەلا نەدەردەچوو.

 

قائید میرۆ