زاگرۆس فەتاح
ئەمڕۆ ٣٩ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ماڵاواییکردنی سەرکردەی دڵسۆز و لێهاتووی گەلەکەمان و پارتیمان، کاک ئیدریس بارزانی. ئەو سەرکردەیەکی بەتوانا و دڵسۆز، سیاسییەکی پڕ حیکمەت و ئاشتیخوازێکی مەزن بوو.
لە خراپترین بارودۆخی دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوولدا، کاک ئیدریس پێکەوە لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانیدا شانیان دایە بەر هەستانەوەی شۆڕش و ڕۆحیان بە بەری شاخ و پێدەشت و شار و گوندەکانی کوردستاندا کردەوە. وەک هەمیشە سەرۆک مەسعود بارزانی ئاماژەی پێ داوە؛ کاک ئیدریس ڕۆڵێکی گرنگی بینیوە لە هەڵگیرسانەوەی شۆڕش و دەستپێکردنەوەی خەباتی سەختی سیاسی و پێشمەرگانەی ئەو سەردەمەدا.
بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا درێژە بە خەبات بدات و لە تەمەنێکی گەنجیدا، وەک پێشمەرگەیەک لە سەنگەری خەباتدا کۆچی دوایی کرد و چووە کاروانی هەرگیز نەمرانەوە.
درود بۆ گیانی پاکی ئەم سەرکردە هەڵکەوتووەی گەلەکەمان و تێکڕای شەهیدان و خەباتکارانی ڕێگای ئازادی و ڕزگاریی کوردستان، کە سەروەریان بارزانیی نەمرە.