هەولێر-KDP.info- لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی شارەوانیی هەولێردا، وەک هێمایەک بۆ یەکڕیزیی نەتەوەیی و گیانی بەرگری، بڕیار درا چواریانێکی شاری هەولێری پایتەخت بە ناوی "کەزی" ناوبنرێت.
بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانیی شارەکە کرد. لە کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری هەولێر وێڕای دەستخۆشی لە ئەندامانی ئەنجومەن بۆ هەوڵە بەردەوامەکانیان لە چارەسەرکردنی کێشەی هاووڵاتییان و جوانترکردنی سیمای شارستانیی پایتەخت، جەختی لە گرنگیی ڕۆڵی دامەزراوەکان کردەوە لە جێبەجێکردنی کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خزمەتکردنی زیاتری خەڵک.
لە تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر پێشنیاری کرد چواریانێکی شاری هەولێر ناوی "کەزی" لێ بنرێت و شوێنێکی شایستەی بۆ دیاری بکرێت. ئومێد خۆشناو هۆکاری ئەم پێشنیارەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ئەم ناوە لە ئێستادا بووەتە هێمایەک بۆ پێداگری لەسەر پرسە نەتەوەییەکان و زیندووکردنەوەی گیانی بەرگری و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمی داگیرکەران.
پارێزگاری هەولێر دووپاتی کردەوە کە "ئەم ناونانە ڕەهەندێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی هەیە و پەیامێکی ڕوونە بۆ بوونی یەکگوتاری لە نێو ماڵی کورددا."
لەلایەن خۆیانەوە، ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی دوای گفتوگۆکردن لەسەر پێشنیارەکە، بە کۆی دەنگ بڕیارەکەیان پەسەند کرد. ئەندامانی ئەنجومەن ئاماژەیان بەوە دا کە ناوەڕۆکی بڕیارەکە ماهییەتێکی قووڵی هەیە و ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە گەلی کوردستان لە هەر پارچەیەکی ئەم خاکە بن، خاوەنی یەک بیر و یەک گیانن.
بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا ڕێکارە هونەرییەکان بۆ دەستنیشانکردن و ناونانی چواریانەکە جێبەجێ بکرێن.