Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئیڤان جانێ بۆ KDP: سەرۆک بارزانی و پاپای ڤاتیکان دوو نوێنەری ئاشتیی جیهانن

سۆران-KDP.info- سەرۆکی سەنتەری ڕۆشنبیریی ئاشووری دیانا ڕایدەگەیەنێت، دیداری سەرۆک بارزانی و قەداسەتی پاپای ڤاتیکان لەم کاتە هەستیارەدا، پەیامێکی بەهێزی ئاشتییە بۆ ناوچەکە و جیهان.

ئیڤان جانێ کۆربیل، سەرۆکی سەنتەری ڕۆشنبیریی ئاشووری دیانا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "سەرۆک بارزانی و قەداسەتی پاپا لیۆی چواردەم، دوو کاریزما و نوێنەری ئاشتیین لە جیهاندا. ئەم دیدارە پێنجەمین کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانییە لەگەڵ پاپای ڤاتیکان کە تێیدا جەخت لە ڕەوشی پێکەوەژیان و ئاشتیی نێوان پێکهاتەکان کراوەتەوە."

جانێ ئاماژەی بەوە کرد کە سەرۆک بارزانی مەرجەعی تەواوی نەتەوە و پێکهاتەکانە لە هەرێمی کوردستان و گوتی: "ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ کلتوور و ڕێبازی بارزانی کە پاراستنی پێکهاتەکان یەکێکە لە خاڵە درەوشاوەکانی هەرێمی کوردستان. هەر ئەمەش وای کردووە کە پاپای ڤاتیکان وەک مەرجەعی ٣ ملیار کریستیان لە دونیا، پێشوازییەکی تایبەت لە جەنابی سەرۆک بکات."

سەرۆکی سەنتەری ئاشووری تیشکی خستە سەر دۆخی ئێستای سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان و گوتی: "ئەو دەستدرێژییانەی دەکرێتە سەر خەڵکی سڤیل لە ڕۆژئاوای کوردستان بووەتە مایەی دڵگرانی. پاپا باش دەزانێت کە سەرۆک بارزانی یەکێکە لە ڕابەرە مێژووییەکان بۆ پاراستنی کەلتووری پێکەوەژیان، بۆیە ئەم دیدارە هەوڵێکە بۆ چڕکردنەوەی فشارەکان لەپێناو کوژاندنەوەی ئاگری شەڕ و دامرکاندنەوەی گرژییەکان."

 

ئەژین غەفار