Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆک بارزانی: ئیتاڵیا و ڤاتیکان هاوسۆزێکی گەورەی گەلی کوردستانن

هەولێر-KDP.info- سەرۆک بارزانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا ڕایگەیاند، ئیتاڵیا هەمیشە هەڵوێستێکی زۆر دۆستانەی هەبووە بەرانبەر گەلی کوردستان.

ئەمڕۆ هەینی 23ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرۆک بارزانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ''قەداسەتی پاپا و وەزیری دەرەوە و بەرگریی زۆر لەگەڵ کورد هاوسۆزن، قەداسەتی پاپا بەپەرۆش بوو بۆ دۆخی کوردستان و بەڵێنی دا کە هاتە عێراق، بێتە کوردستانیش.

سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە، کە وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی ئیتاڵیا جەجتیان لەوە کردووەتەوە بەردەوام دەبن لە پشتیوانی کردنی کوردستان و پێشمەرگە. هەروەها ئەوەی پێیان بکرێت لەگەڵ دۆستەکانیان لە ئەورووپا و ئەمریکا، هەوڵ بدەن پشتیوانی لە گەلی کوردستان بکەن بەتایبەت لەودۆخە ئاڵۆزەی لە ڕۆژئاوای کوردستان هەیە.

سەرۆک بارزانی گوتی، ''پەیامی من بۆ میدیاکارانی کوردستان ئەوەیە، بەرگریی لە مافی گەلی کورد بکەن، بەڵام بەهیچ شێوەیەک پشتیوانی لە توندوتیژی نەکەن، پشتیوانی لەوە نەکەن ببێتە شەڕی کورد و نەتەوەیەکی دیکە، بەتایبەت ئەوەی ئێستا لە سووریا ڕوو دەدات کە عەرەبن، چونکە شەڕی دوو نەتەوە کارەساتە و نابێت کورد بەرەو ئەوە بچێت، لەبەر ئەوە ڕۆڵی میدیاکاران دەبێت ڕۆڵێكی ئەرێنی بێت و پشتیوانی لە کورد بکرێت، پشتیوانی لە مافی کورد بکرێت، ناشبێت ببنە ڕێگە خۆشکەر بۆ شەڕی دوو نەتەوە.