Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دکتۆر بەشیر بۆ KDP: ئەمڕۆ مزگەوتەکانی کوردستان بوونە سەکۆی یەکهەڵوێستی و یەکدەنگی

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، گوتاری ئەمڕۆی مامۆستایانی ئایینی لە سەرتاسەری هەرێم، بۆ پرسی یەکهەڵوێستی نەتەوەیی بوو.

دکتۆر بەشیر حەداد، بەرپرسی بۆردی گوتاری هەینی لە وەزارەتی ئەوقاف، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەمڕۆ لە هەموو مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان، گوتاری هەینی جەختی لە پرسی ڕۆژئاوای کوردستان کردەوە و ئایینی پیرۆزی ئیسلامیش هانمان دەدات بۆ ئاشتی و برایەتی و بە توندی دژی ستەم و چەوساندنەوەیە."

دکتۆر بەشیر ئاماژەی بەوەش دا، کە مامۆستایانی ئایینی هەمیشە یەکدەنگن لەسەر پرسە نەتەوەییەکان و ڕۆڵی سەرەکییان دەبێت لە هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان بەرانبەر هەر هەڕەشەیەک کە بکرێتە سەر هەرێمی کوردستان و گەلی کورد.

ئەم هەڵوێستەی وەزارەتی ئەوقاف لە کاتێکدایە، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گردبوونەوەی جەماوەریی فراوان و کەمپەینی هاوکاریی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ پشتیوانیی خوشک و براکانی ڕۆژئاوا دەستیپێکردووە.