Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرهەد غەفوری بۆ KDP: بۆ تێپەڕاندنی دۆخەکە چاوی هیوا لەسەر حیكمەتی سەرۆک بارزانییە

ئەوروپا-KDP.info-بەرپرسی لقی ٦ی ئەوروپای پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کە لەم دۆخە هەستیارەدا، چاوی هەموو گەلی کورد لەسەر حیکمەت و لێزانیی مەرجەعی باڵایە بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان و سەرۆک مەسعود بارزانی وەک مەرجەع و ڕابەری نەتەوەیی، هەمیشە پارێزەری ئیرادە و چارەنووسی گەلی کورد بووە لە وێستگە هەرە سەختەکاندا.

سەرهەد غەفوری، بەرپرسی لقی ٦ی ئەوروپای پارتی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "ئەگەرچی لە ئێستادا گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و ڕووداوەکان خێران و ڕەنگە هەندێک دیمەنی دڵخۆشکەریان تێدا نەبێت، بەڵام مێژوو سەلماندوویەتی کە سەرۆک بارزانی هیچ کات گەلی کوردستانی بێ ئومێد نەکردووە و هەمیشە بە لێزانیی خۆی کوردستانی لە قۆناغە مەترسیدارەکان پەڕاندووەتەوە."

غەفوری لە درێژەی لێدوانەکەیدا تیشکی خستە سەر وێستگە مێژووییەکانی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و  ئاماژەی بە ساڵانی ٢٠٠٢ و ٢٠٠٣ کرد وەک وێستگەی کۆکەرەوەی ئۆپۆزسیۆن و چەسپاندنی قەوارەی هەرێم، هەروەها جەختی لە ساڵی ٢٠١٤ کردەوە کە تێیدا سەرۆک بارزانی بە فەرماندەیی مەیدانی و جووڵەی هێزی پێشمەرگە، ئیرادەی گەلی پاراست و جیهانی لە ئاست مەترسییەکانی داعش هێنایە دەنگ.

بەرپرسی لقی ٦ی ئەوروپا گوتی: "ئێمە دڵنیاین بە ڕابەرایەتی سەرۆک بارزانی، چارەنووسێکی گەش چاوەڕوانی گەلی کوردستان دەکات و سەرۆک بارزانی ساڵ بە ساڵ هەرێمی کوردستانی بەرەو قۆناغی ئارامی و سەقامگیری زیاتر بردووە، و ئێستاش لەم دۆخە هەستیارەدا، چاوی هەموو گەلی کورد لەسەر حیکمەت و لێزانیی مەرجەعی باڵایە بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان."