Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەت لەسەر هێڵن

قامیشلۆوە-KDP.info- دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوامە لە گەیاندنی هاوکارییە فریاگوزارییەکانی بۆ ئاوارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و ڕایدەگەیەنێت، سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەت هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ کردنەوەی ڕێڕەوێکی مرۆیی بەرەو کۆبانی.

موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "سەرەڕای بەفربارین و ئاستەنگی ڕێگەکان، تیمەکانمان هاوکارییان بەسەر زیاتر لە 500 خێزانی ئاوارەدا دابەش کردووە و بەرنامەمان هەیە بگەینە دێرکیش بۆ هاوکاریکردنی 400 خێزانی دیکە." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا 150 کارمەند و تیمێکی تەندروستی دەزگاکە لە مەیدانەکەدان.

پەیوەست بە بڕیاری مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ ناردنی سووتەمەنی، موسا ئەحمەد گوتی: "ئێستا زیاتر لە 100 هەزار لیتر سووتەمەنی لە ڕێگەیە. خەڵکی ئێرە پێویستیی زۆریان بە گەرمکەرەوە هەیە و داوامان لە جەنابی سەرۆکی حکوومەت کردووە بڕەکەی زیاتر بکات بۆ ئەوەی وەڵامی پێداویستییەکان بدەینەوە."

پەیوەست بە دۆخی کۆبانێش کە ڕووبەڕووی گەمارۆ و بڕانی خزمەتگوزاری بووەتەوە، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گوتی: "سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەت ڕاستەوخۆ لەسەر هێڵن. داوامان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە ڕێگەخۆشکەر بن بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ ناو کۆبانی و هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامن."