Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئانۆ جەوهەر بۆ KDP: سەرۆک بارزانی لە ڤاتیکان نەخشەڕێگەی ئاشتی و پێکەوەژیانی تاوتوێ کرد

ڤاتیکان-KDP.info- کەسایەتییەکی مەسیحی، کە یاوەری سەرۆک بارزانی بوو بۆ ڤاتیکان و ئیتاڵیا، باسی گرنگیی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی دەکات و دەڵێت، سەردانێکی گرنگ و مێژوویی بوو و ئەوان چاوەڕوانیی ئەوەیان لە سەرۆک بارزانی ھەیە نەک تەنیا رۆڵی لە چارەسەری ئاشتیانە بۆ کێشەکان لە کوردستان و عێراق ھەبێت، بەڵکو لە ھەموو ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ئەو ڕۆڵە گرنگە ببینێت.

ئانۆ جەوھەر، وەزیری گواستنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و کەسایەتیی مەسیحی، کە یاوەری سەرۆک بارزانی بۆ فاتیکان و ئیتاڵیا بوو، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، باسی گرنگیی سەردانەکە دەکات و دەڵێت، سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ ڤاتیکان و دیداری لەگەڵ قەداسەتی پاپای ڤاتیکان، سەردان و ڕۆژێکی مێژووی بوو، کە لەگەڵ پاپایەکی نوێی ڤاتیکان کۆبوونەوەی ھەبوو، بۆیە سەرۆک بارزانی وەکو ڕەمزێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی لە ڤاتیکان دیدارێکی تایبەتی لەگەڵ قەداسەتی پاپای ڤاتیکان ھەبوو بە تەنیا و بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ، دواتریش لە کاتی گۆڕینەوەی دیارییەکان، لەبارەی دۆخی کوردستان و ناوچەکەوە گفتوگۆیان کرد و ھەر لەو کاتەدا باسی پەیوەندیی مێژوویی نێوان کوردستان و ڤاتیکان کرا، جگە لەوەش باسی پەیوەندیی نێوان ھەرێمی کوردستان و پێکھاتەکانی کوردستان کرا، کە پێکەوە دەژین و تیشک خرایە سەر قوربانیانی ھێزەکانی پێشمەرگەش لە پاراستنی پێکەوەژیان و ھەروەھا باسی ھەمەڕەنگی و تەبایی کوردستانیش کرا.

ھەر پەیوەست بە وردەکارییەکانی سەردانەکە، ئانۆ جەوھەر دەڵێ، سەرۆک بارزانی لە ھەموو دیدارەکانیدا جەختی لەوە دەکردەوە کە پێویستە کێشەکان بە ئاشتی و گفتوگۆ چارەسەر بکرێن و رێگە نەدرێت لەسەر بنەمای ئایینی و تایفی و نەتەوەیی شەڕ دروست بێت، بۆیە جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە ئاشتی و گفتوگۆ و بەکارھێنانی ئامرازی دیموکراسی بۆ چارەسەری کێشەکان، باشترین بژاردەیە، بۆ ئەوەی کێشەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی چارەسەر بکرێن، بۆیە  پێشوازیی پاپای ڤاتیکان لە سەرۆک بارزانی، زۆر زۆر گەرم بوو و سەردانێکی زۆر مێژوویی بوو، ھەروەھا پێشوازیی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیاش زۆر پێشوازییەکی گەرم و دۆستانە بوو و باسیان لەوە کرد، کە وەکو کەسایەتییەکی ئاشتیخواز تەماشای سەرۆک بارزانی دەکەن، بۆیە چاوەڕێی ئەوە لە سەرۆک بارزانی دەکەن وەکو سەرکردەیەک رەنگدانەوەی گەورەی لەسەر ھێنانەکایەی ئاشتی و سەقامگیری نەک تەنیا لە کوردستان و عێراق، بەڵکو لە ھەموو رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ھەبێت، بۆیە پشتگیریی خۆیان بۆ ھەڵوێستی سەرۆک بارزانی دووپات کردەوە، کە ئاشتی و گفتوگۆ بەرجەستە بێت لە عێراق و کوردستان و رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا بە گشتی.

ناوبراو ھەروەھا دەشڵێت، دیارییەکانی سەرۆک بارزانی پێشکەشی پاپای ڤاتیکان کرا، کە یەکێک لەوانە سیمبولی ئایینی مەسیحی و ئیسلام و زەردەشتی و ژمارەیەک ئایینی دیکە بوو کە لە کوردستان دەژین لەگەڵ ئەلبوومێک، کە باسی جوانیی پێکەوەژیانی کوردستانی دەکرد و یەکێک لە وێنەکان بارزانیی نەمر لەگەڵ قەشەیەک بەناوی یوسف کە کلدانی بوو و وێنەیەکی کاک ئیدریسی جوانەمەرگ لەگەڵ مەترانێک بوو و ھەروەھا وێنەکانی سەرۆک بارزانی بوون لەگەڵ پاپایەکانی پێشوو و سەردانی پاپا فرانسیس بۆ ھەرێمی کوردستان و رۆڵی پێشمەرگەکان لە کاتی شەڕی داعش و گەڕاندنەوەی (خاچ) بۆ کڵێسا و وێنەی سەرۆک بارزانی کاتێک لە باشیک لەگەڵ نوێنەرانی گشت ئایینەکان کۆبووەوە، پاپای فاتیکانیش مەدالیایەکی تایبەتی پێشکەشی سەرۆک بارزانی کرد و ئەلبوومێکیش لەبارەی مێژووی فاتیکان پێشکەشی سەرۆک بارزانی کرا، بۆیە سەردانێکی زۆر مێژوویی و زۆریش گرنگ بوو.

 

بڵند ئیبراھیم