Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بانگەوازێک لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان

ھەولێر-KDP.info- فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان لە بانگەوازێکدا دەڵێت: ڕەچاونەكردنی تایبەتمەندی و مافەكانی گەلی كورد لە سووریا و پەرەسەندنی ئاڵۆزی و شەڕ و پێكدادان لەدژی گەلی كورد دەبێتە هۆی تێکدانی ئاشتی و ئارامی ئەو ناوچانە.

دەقی پەیامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان.

بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕای گشتی

ئێمە لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، بەنیگەرانییەکی زۆرەوە لە دوایین ڕووداو و پەرەسەندنەکانی سوریا و ڕۆژئاوا دەڕوانین، ڕەچاونەکردنی تایبەتمەندی و مافەکانی گەلی کورد لە سووریا و پەرەسەندنی ئاڵۆزی و شەڕ و پێکدادان لەدژی گەلی کورد دەبێتە ھۆی تێکدانی ئاشتی و ئارامی ئەو ناوچانە و ئەگەری ئاوارەیی و ڕوودانی کارەسات و نەھامەتی و پاکتاوی ڕەگەزی بۆ خوشک و براکانمان لە رۆژئاوا لێ دەکەوێتەوە.

لە لایەکی ترەوە گەلی کورد لە رۆژئاڤا لەسەر زێد و خاکی خۆی، لەپێناو برایەتی و یەکسانی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و دژایەتیی ستەم و تیرۆر تێکۆشاوە و، لەساڵانی ڕابردوودا، لە شەڕی دژی تیرۆردا قوربانیی زۆری داوە. ئەو بارودۆخەی ئێستا لە سووریا لەئارادایە، دەبێتە ھۆی ئەگەری سەرھەڵدانەوەی داعش و تیرۆر کە ئەمە خۆی لەخۆیدا ھەڕەشەیەکی زۆر جدییە لەسەر سەقامگیری و ئاساییشی ناوچەکە.

فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان لەژێر ڕۆشنایی ڕوانگە و ھەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ پاراستنی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا و لە سۆنگەی ھەست کردن بە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتیمانی، داواکارە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ھاوپەیمانان لەئاست بەرپرسیارەتییاندابن و ھەنگاوی کاریگەر بنێن بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی گرژی و شەڕو پێکدادانەکان لە سووریا و ڕێگریکردن لە قووڵتووتربوونی قەیران و ھەروەھا ڕێگریکردن لە سەرھەڵدانەوەی داعش و تیرۆر و توندڕۆیی. 

داوا دەکەین دەستبەجێ کۆتایی بە شەڕ لەدژی خوشک و براکانمان لە سووریا بھێندرێت و کێشەکان لەڕێگەی دیالۆگ و بە شێوازی ئاشتیانە چارەسەر بکرێن و لە سووریایەکی ئازاد و دیموکراتدا مافی ھەموو پێکھاتەکان و مافەکانی گەلی کورد لە سووریا بەپێی یاسا و دەستوور گەرەنتی بکرێن.

 

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان

٢٠/ ١/ ٢٠٢٦