Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کەشناسی بۆ گەشتیاران و شۆفێران: لەم كاتەدا بە وریاییەوە مامەڵە بکەن

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم، پێشبینییەکانی بۆ ڕەوشی کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئاماژە بە چالاکبوونەوەی شەپۆلێکی دابارین و نزمبوونەوەی بەرچاوی پلەی گەرما دەکات.

بەرێوبەرایەتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ڕایگەیاندو، ئاسمانی هەرێم لە نێوان نیمچە هەور و هەوری تەواودا دەبێت. لە دوای نیوەڕۆوە کاریگەری ئەو شەپۆلەی ڕووی لە ناوچەکە کردووە دووبارە چالاک دەبێتەوە و بارانبارین بە شێوەی نمەباران لە ناوچە جیاجیاکان دەست پێ دەکاتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و ناوچە سنوورییەکان بەفر دەبارێت. هەروەها پێشبینی دەکرێت لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین و بەشێک لە ئیدارەی سۆران، ڕێژەی دابارینەکە زیاتر بێت و بە شێوەی مامناوەند ببارێت. پلەی گەرما بەراورد بە دوێنێ 2 بۆ 4 پلە نزم دەبنەوە.

بۆ سبەی ڕۆژی سێشەممە، 20ـی کانوونی دووەم کەشناسی ڕایگەیاندووە کە لە کاتەکانی بەرەبەیاندا بارانبارین لە زۆربەی ناوچەکان کۆتایی دێت، بەڵام ئەگەری دروستبوونی تەمێکی چڕ هەیە کە مەودای بینین کەمدەکاتەوە بۆ کەمتر لە 2 کیلۆمەتر. تەنها لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە کەمێک دابارین دەمێنێت، پاشان لە کاتەکانی نیوەڕۆوە کاریگەری شەپۆلەکە بە گشتی کۆتایی دێت و ئاسمان بەرەو ساماڵ و پەڵە هەور دەگۆڕێت.

کەشناسیی پێشبینیش دەکات پلەی گەرما بۆ سبەی سێشەممە 2 بۆ 4 پلەی دیکە نزم بێتەوە بەتایبەت لە کاتەکانی شەو و بەیانی زوودا کە سەرمایەکی توند ناوچەکە دەگرێتەوە.

هەروەها بەرێوبەرایەتیی کەشناسی هۆشدار دەداتە شۆفێران کە لە کاتی دروستبوونی تەم لە بەرەبەیانی سێشەممەدا، مەودای بینین زۆر کەم دەبێتەوە، بۆیە پێویستە گەشتیاران و شۆفێران بە وریاییەوە مامەڵە بکەن.