هەولێر-KDP.info- ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ سەرۆک مەسعود بارزانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە بەڕێز ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریاوە پێ گەییشت.
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا باس لە دوایین پێشھاتەکانی سووریا کرا و سەرۆک شەرع وێڕای باسکردنی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنامەی لەگەڵ قسد جەختی لەوە کردەوە کە ڕەچاوی مافەکانی کورد و پاراستنیان لە سووریا دەکرێت و کێشە و گرفتەکان بەپێی ڕێککەوتنەکان چارەسەر دەکرێن.
ھەرلەو پەیوەندییەدا سەرۆک بارزانی تەئکیدی لە پێویستیی گەرەنتیکردنی مافەکانی گەلی کورد کردەوە و ھەروەھا دەرچوونی مەرسوومی سەرۆکی سووریا لەبارەی مافەکانی کورد بە ھەنگاوێکی دروست لە قەڵەم دا کە دەکرێ بۆ مافەکانی کورد لە سووریا بنەماییەکی پتەو و ئیجابی لەسەر بنیات بنرێت.