Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

قادر قاچاخ بۆ KDP: دەستمان کردووە بە ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی خولی ٢١ی کادیران

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی پەیمانگای پێگەیاندنی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، خولی ٢٠ی پەیمانگای پێگەیاندنی کادیران بە سەرکەوتوویی کۆتایی هاتووە و لە ئاییندەیەکی نزیکدا ڕێوڕەسمی دەرچوونیان بەڕێوەدەچێت، هاوکات ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی خولێکی نوێ دەکرێت.

قادر قاچاخ، بەرپرسی پەیمانگای پێگەیاندنی کادیرانی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "خولی ٢٠ی پێگەیاندنی کادیرانی پارتی کۆتایی هاتووە و تەنیا ڕێوڕەسمی دەرچوونی ماوە، ئێمە لە ٣٠ی مانگی ڕابردوو کۆتاییمان بە وانەکانمان هێنا و تاقیکردنەوەی کۆتاییش ئەنجامدراوە."

پەیوەست بە ژمارەی بەشداربووان و شێوازی وانەوتنەوە، بەرپرسی پەیمانگای پێگەیاندنی کادیرانی ئاماژەی بەوە کرد، ''٩٦ قوتابی لەم خولەدا بەشداربوون کە ٢١ قوتابی لە ڕەگەزی مێ بوون، وانەکانیش لەلایەن پسپۆڕان و مامۆستایانی زانکۆوە بە شێوازێکی ئەکادیمی و لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بۆ ماوەی هەشت مانگ پێشکەش کراون.

قادر قاچاخ ئاشکرایشی کرد کە پێشنیازیان بۆ سەرکردایەتی کردووە بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ دوای ڕێوڕەسمی کۆتایی ئەم خولە، خولی ٢١ی کادیران دەستپێبکات. گوتیشی، "ئێمە چاوەڕێی وەڵامی سەرکردایەتین و پێشبینی دەکەین لەگەڵ ڕێوڕەسمی کۆتایی ئەم خولە، دەستپێکی خولێکی نوێش ڕابگەیەنرێت."

 

قائید میرۆ