Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆك بارزانی میوانداریی باڵیۆز تۆماس باراك و مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات و محەمەد ئیسماعیل سەرۆكی ئەنەكەسە دەكات

ھەولێر-KDP. info - ڕۆژی شەممە 17ی كانوونی دووەمی 2026 لە پیرمام سەرۆك مەسعود بارزانی میوانداریی كۆبوونەوەیەكی گرنگی كرد لەنێوان باڵیۆز تۆماس باراك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری سووریا و ویندی گرین كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر و ژەنراڵ كێڤن لامبارت فەرماندەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا و كۆڵۆنێڵ زاكاریا كۆرك و ژەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات و محەمەد ئیسماعیل سەرۆكی ئەنەكەسە.

لە دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی بەگەرمی بەخێرهێنانی هەموو لایەنەكانی كرد و سوپاس و پێزانینی خۆی پێشكێش كردن كە لەم هەلومەرجە تایبەتەدا ئامادەیان بۆ ئەم كۆبوونەوەیە هەبووە لەپێناو ئاشتی و ڕێگرتن لە توندوتیژی. سەرۆك بارزانی جەختی لە بایەخ و گرنگیی دیالۆگ و سەقامگیری و پێكەوەژیان لە سووریای نوێ كردەوە.

هەر لەو دیدارەدا باڵیۆز تۆماس باراك بە نوێنەرایەتیی ئەمەریكا سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ئەم میوانداری و كۆبوونەوەیە و پشتیوانییە بەردەوامەكانی.

دواتر ئامادەبووان گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕایان هەبوو لەسەر چەند بابەتێك و بۆ هێنانە ئارای سەقامگیری ڕۆشناییان خستەسەر چەند هەنگاوێكی كرداری.