هەولێر-KDP.info- بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەبۆنەی (27) ساڵەی دامەزراندنی کوردستان تیڤی، بروسکەیەکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرپەرشتیار و کارمەندانی دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە ئەم کەناڵە سەکۆیەکی ڕاستەقینەی خواستەکانی گەل بووە.
دەقی بروسکەی پیرۆزباییەکە:
بروسکەی پیرۆزبایی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی (27)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی کەناڵی ئاسمانیی کوردستان تیڤی
بەڕێزان/ سەرپەرشتیاری گشتی و ستافی بەڕێوەبردن و کادیر و سەرجەم کارمەندان و هونەرکاران لە کەناڵی ئاسمانیی کوردستان تیڤی
ئەمڕۆ ساڵیادی دامەزراندنی کەناڵی ئاسمانیی کوردستان تیڤییە، ئەو کەناڵەی بە بڕیاری (سەرۆک بارزانی) دامەزرا، ئەو بڕیارەی، کە بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێ لە بواری ڕاگەیاندندا لەبەرئەوەی ئەو کەناڵە توانیویەتی ڕۆڵی پێشەنگ و کاریگەری خۆی ببینێ و لە ئاست ئەو پەیام و بەرپرسیاریەتییە دابێت بۆ خستنەڕووی پرسە نەتەوەیی و نیشتمانی و کولتوورییەکان.
کەناڵی ئاسمانیی کوردستان، وەک کەناڵێکی خاوەن ئەزموون، هەمیشە سەکۆ و دەنگێکی ڕاستەقینە بووە بۆ گوزارشتکردن لە خواست و ویستی خەڵک و پێکهاتە جیاجیاکانی کۆمەڵگەکەمان، پیشەییانە و بەرپرسانە مامەڵەی لەگەڵ هەواڵ و ڕووداوەکان کردووە.
وێڕای پیرۆزباییمان لە ئێوە و بینەرانی هێژای ئەو تەلەفزیۆنە، ئومێدەوارین بۆ ساڵی داهاتوو بە پلان و کارنامەی باشتر خزمەت بکەن.
بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان
١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦