دهۆک-KDP.info- جێگری پارێزگار دەڵێ، دهۆک لە ئاستی خزمەتگوزارییەکان گەیشتووەتە قۆناغێک، هەر کەسێک سەردانی کردبێت، بێ ئەوەی پێی بگوترێت، خۆی هەست بەو گۆڕانکارییە گەورە و ستراتیژییانە دەکات کە لە کەرتی ڕێگەوبان و ژێرخاندا ئەنجام دراون.
ماجد سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دهۆک، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، هەزار و ٣٤٠ پڕۆژە لە سنووری پارێزگای دهۆک کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە. خۆشبەختانە تا ئێستا ٨٠٪ی ئەو پڕۆژانە بەکۆتا هاتوون و خراونەتە خزمەت هاووڵاتیانەوە."
جێگری پارێزگار ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژەکان هەموو کەرتە جیاوازەکانی گرتووەتەوە، بەڵام پشکی شێر بەر کەرتی ڕێگەوبان کەوتووە. ئەو دەڵێت: "هەر کەسێک لەم ساڵانەی دواییدا سەردانی دهۆکی کردبێت، هەست بەو گۆڕانکارییە گەورانە دەکات کە لە کەرتی ڕێگەوبان و ئاسانکاریی هاتوچۆدا کراون، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەریی پۆزەتیڤی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و بووژانەوەی ئابووری هەبووە."
سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوویان و بۆ ساڵی نوێ، ماجد سەید ساڵح ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "کارکردن لەو پڕۆژانەی ماون بەردەوامە. ئێمە لە دەستپێکی ساڵی نوێداین و وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان پلانمان بۆ پڕۆژەی نوێ هەیە. هەر کاتێک بودجەی پێویست تەرخان بکرێت، دەستبەجێ پڕۆژەی نوێ دەخەینە بواری جێبەجێکردن و ئەوەی لە توانای حکوومەتدا بێت بۆ خزمەتی خەڵک درێغی ناکەین."
قائید میرۆ