هەولێر-KDP.info- نووسەر (ئەسرین عاسی کوێخا محەممەد) نوێترین بەرهەمی مێژوویی خۆی لەژێر ناونیشانی "(مەسعود بارزانی) هەنگاوەکانی پێشمەرگەیەک بەرەو لووتکە" پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی دەکات، کە تێیدا گەشتێکی ورد بە ناو وێستگە جیاوازەکانی تێکۆشانی سەرۆک بارزانیدا دەکات.
نووسەری پەرتووکەکە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ئامانجی سەرەکی لەم بەرهەمە، دروستکردنی پردێکی مەعریفییە لە نێوان مێژووی پڕ لە سەروەریی کورد و نەوەی نوێ و دەڵێت، "دەمانەوێت لاوانمان بزانن کە ئەو ئازادییەی ئەمڕۆ هەیە، بەرهەمی خەباتی ئەو سەرکردانەیە کە هەموو تەمەنی خۆیان لە پێناو دۆزی ڕەوای گەلەکەماندا تەرخان کردووە".
نووسەر (ئەسرین عاسی کوێخا محەممەد)، کە خەڵکی ناوچەی شوانی پارێزگای کەرکووکە، دەربارەی ناوەڕۆکی پەرتووکەکەش گوتی، ''هەوڵم داوە پانتاییەکی فراوان بۆ خەباتی (سەرۆک مەسعود بارزانی) ئەم سەرکردە خۆنەویستە تەرخان بکەم. پێویستە لاوانی ئێمە هۆشیار بن و بزانن کە کورد خاوەنی سەرکردەیەکی کاریزمایە کە لە ڕۆژە سەختەکاندا، خۆی و بنەماڵەکەشی قاڵبووی بەرخودان بوون."
پەرتووکەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە شوناسی نەتەوەیی کورد بەستراوەتەوە بەو خەباتە بێوچانەی کە پێشمەرگە و سەرکردایەتیی کورد دەیان ساڵە ڕابەرایەتی دەکەن.
نووسەر هیوا دەخوازێت ئەم بەرهەمە ببێتە سەرچاوەیەکی گرینگ بۆ هەر تاکێکی کورد تا بە وردی لە قۆناغەکانی پێگەیشتنی ئەم تێکۆشەرە ماندوونەناسە تێبگات.
