چیا هەرکی
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گۆڕانکارییەکی ستراتیژیی بێ وێنەدا تێدەپەڕێت.
دەرەنجامی ڕووداوە گەرم و خێراکانی سووریا و ئێران، کاریگەرییان بەسەر گۆڕینی نەخشەی هێز و دەسەڵات لە ناوچەکەدا دەبێت، لەناویاندا عێراق. بۆیە ئەم ڕووداوانە وەک ئەوەی دەرفەتێکی مێژوویین بۆ کورد، هاوکات لە ئەگەری بەردەوامیی پەرتەوازەیی و ناکۆکیی ناوخۆیی هێزە سیاسییەکانی کوردستان، مەترسییەکی ئاشکرایان بۆسەر داهاتووی هەرێمی کوردستان دەبێت.
بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، هەنووکە هەرێمی کوردستان لە چەقی ڕووداو و هاوکێشەکاندایە، لەبەر ئەوە بەردەوامیی ململانێ و ناڕێکیی ناوخۆیی لەم قۆناغەدا بۆ داهاتوومان هەستیار و مەترسیدارە. ئەمەش هەموو لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بە گشتی و پارتی و یەکێتی بەتایبەتی، دەخاتە بەردەم ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەی کە نابێت هیچ لایەنێک بە تەنیا بیر لە بەرژەوەندیی حزبیی خۆی بکاتەوە، بەڵکوو دەبێت بەرژەوەندیی نیشتمانی و کوردستانییان لە پێشەوەی هەموو شتێک بێت.
لەم ڕوانگەیەوە، پەلەکردن لە کاراکردنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، زیاتر لەوەی پێداویستییەکی ناوخۆیی بێت، پرسی پاراستن و پتەوکردنی پێگەی کوردە لە عێراقی داهاتوودا.
یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق کە مافێکی دەستووری و سیاسیی کوردە و سازان و ڕێککەوتن لەسەر کەسایەتییەک کە هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردستان لەسەری کۆک بن و نوێنەرایەتیی ماف و داخوازیی سەرجەم کوردستانییان بکات، پێگەی کورد لە بەغدا بەهێز و پتەوتر و کاریگەرتر دەکات.
ئەگەر کورد یەکگرتوو و دیدگایەکی ستراتیژیی ڕوونی هەبێت، دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەرتر لە ئێستا و داهاتووی عێراق و ناوچەکەدا بگێڕێت. بەپێچەوانەوە، دەرفەتە مێژووییەکانمان لەدەست دەچن و مەترسییەکانی سەرمان زیاد دەبن.
لە ڕوانگەی دەرککردن بەم هەڕەشە و مەترسییانەیشە کە جەنابی سەرۆک بارزانی بەردەوام جەخت لەسەر پێویستیی یەکدەنگی و یەکڕیزیی کوردستانییان دەکاتەوە.
بەکورتی:
پێویستە لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان، بە گیانی بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتمانی، ئەرکی مێژوویی سەرشانیان ڕابپەڕێنن و یەکدەنگ و یەک ڕیز و یەک گوتار، ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببنەوە، دەنا گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکان کە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆیان بەسەر هاوکێشەی هێز لە تەواوی ناوچەکە (بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە) دەبێت، بەزەییان بە درەنگوەخۆکەوتنی کورد لە پرۆسەی ڕێکخستنەوەی ناو ماڵی سیاسی و یەکخستنی گوتاردا نایەتەوە.
ئهندامی كۆمیتهی ناوهندیی پارتی دیموكراتی كوردستان