Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کە ئەو پەرۆشی و وەفایەم دی بڕیارمدا

ئالان حەمەسەعید

ئەمڕۆ لەڕێگەی وەتس ئاپەوە خوشکێکی بەڕێز نامەی بۆناردم، گوتی (ئیشی تۆش نیە بەڵام زۆر دەمێکە دەمەوێت مامۆستایەکم ببینمەوە پاداشتی بدەمەوە.

پێش سی (٣٠) ساڵ، لە ساڵی ١٩٩٦ من لە قوتابخانەی هەڵەبجە قوتابی پۆلی یەکەمی سەرەتایی بووم لە دارەتوو لە (هەولێر)، خۆم کەرکووکیم و ئیستا ماستەری یاسا دەخوێنم، باوکم شەهید ببوو لە ڕاپەڕینەکە، دۆخی داراییمان زۆر خراپ بوو، باران بوو جلوبەرگی پێویستم نەبوو، مامۆستای کوردیمان کەناوی ست (فەهیمە) بوو لێی پرسیم باوکت ئیشی چیە؟ پێم وت باوکم شەهیدە و دۆخی ژیانمان خراپە بۆیە قەمسەڵە یان چاکەتم نیە لەبەری بکەم، وتی بۆ سبەی ست فەهیمە جلوبەرگ و پێڵاوی زۆری بۆ هێنام کە هەرگیز لەیادی ناکەم، زۆر ئاگای لێمان بوو، من ئێستا گەورەبووم و دۆخی دارایم باشە هەموو ئومێدم ئەوەیە بیبینمەوە و پاداشتی گەورەیی و باشیەکەی بدەمەوە.

کە ئەو پەرۆشی و وەفایەم دی بڕیارمدا هەموو هەوڵی بۆ بدەم و ئیشی من نیە، بەڵام دەیکەم بەئیشی خۆم، پەیوەندیم کرد بە مامۆستا سابیر بەڕێوەبەری پەروەردەی بنەسڵاوە کە ئەو قوتابخانەیە دەکەوێتە سنووری ئەوان، یەکەمجار وتی قوتابخانەکە ئەو ئەوەلیاتەی لەبەردەست نیە و مامۆستا نوێیەکان ئەو مامۆستا فەهیمەیە ناناسنەوە، وتم هەوڵی زیاترم بۆ بدە قوتابی ناوی مامۆستاکەی لەیاد ناکات، پاش چەند خولەکێکی دیکە وێنەی مامۆستا فەهیمە و ژمارە تەلەفۆنەکەشی بۆناردم، کەناردمەوە بۆ قوتابیەکەی سی ساڵ پێش ئیستا، لە خۆشیدا وتی چاوم پڕ فرمێسک بووە. ئەمە گەورەیی و میهرەبانی مامۆستایە، ئەوەش وەفای قوتابیەکە کە هەرچەند کات و ساڵ بەسەریدا تێپەڕ بێت چاکەی بیرناچێتەوە.

منیش لە وەزارەت بڕیارمدا مامۆستا فەهیمە بانگهێشت بکەم و خەڵاتی ڕێزلێنانی بۆ بکەم و پێی بڵێم بەو ئاکارەت خۆت قوتابخانەیەک بووی لە باشی و فەزیلەت.