Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دەزگای خێرخوازیی بارزانی: 150 هەزار کەس لە حەلەب ئاوارە بوون و هاوکاریی بەپەلەیان پێدەگات

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاشکرای دەکات کە بەهۆی پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکان لە شاری حەلەب، کارەساتێکی مرۆیی ڕوویداوە و زیاتر لە 150 هەزار کەس لە گەڕەکە کوردنشینەکان ئاوارە بوون، جەختیش دەکاتەوە کە تیمەکانیان لە عەفرین کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند: "بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، زیاتر لە 150 هەزار هاووڵاتیی گەڕەکەکانی (شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە) لە حەلەب، بەهۆی هێرشەکانەوە ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە. تا ئێستا نزیکەی 23 هەزار خێزان گەیشتوونەتە سنووری عەفرین."

ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم شەپۆلە گەورەیەی ئاوارەبوون دوای ئەوە هات کە بەهۆی پێکدادانەکانەوە، دەیان کەس لە هێزەکان و هاووڵاتیانی سڤیل گیانیان لەدەستدا و بارودۆخی مرۆیی ناوچەکە بەتەواوی تێکچوو.

سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی جەختی لەسەر سەختیی بارودۆخی ئاوارەکان کردەوە و گوتی: "ئاوارەکان لە دۆخێکی زۆر خراپدان. ئێمە لە ڕێگەی نووسینگەی عەفرینەوە دەستمان کردووە بە پێشکەشکردنی هاوکارییەکان کە بریتین لە، خزمەتگوزاریی تەندروستی: دابینکردنی تیم و پێداویستی پزیشکی بۆ بریندار و نەخۆشەکان و خۆراک و پێداویستی: دابەشکردنی خواردنی گەرم، پاکێجی خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان. لەگەڵ هەماهەنگی نێودەوڵەتی: پەیوەندی بەردەواممان لەگەڵ ڕێکخراوە جیهانییەکان هەیە بۆ کۆکردنەوەی پاڵپشتی زیاتر.

جێی ئاماژەیە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی کە لە دوای بوومەلەرزەکەی ساڵی 2023ـەوە نووسینگەی فەرمی لە عەفرین هەیە، ئێستا وەک تەنیا هیوای مرۆیی بۆ ئاوارەکانی حەلەب دەردەکەوێت و قۆناغ بە قۆناغ بەردەوام دەبێت لە فراوانکردنی کارەکانی بۆ ڕزگارکردنی لێقەوماوان.