Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕێگەوبانی دهۆک بۆ KDP: پێش وادەی خۆی ڕێگەی دهۆک - باعەدرێ دەکرێتەوە

ھەولێر-KDP.info- وەک بەشێک لە کاروانە بەردەوامەکانی ئاوەدانکردنەوەی کابینەی نۆیەم، پڕۆژەی دووسایدکردنی ڕێگەی دهۆک - باعەدرێ بە خێراییەکی بەرچاو کارەکانی تێدا بەڕێوە دەچێت. بەڕێوەبەرایەتی ڕێگەوبانی دهۆک ڕایدەگەیەنێت کە بەشێکی زۆری ئەم ڕێگە ستراتیژییە پێش جەژنی نەورۆز بەڕووی هاووڵاتیاندا دەکرێتەوە.

لە بارەی خێرایی لە جێبەجێکردن و قۆناغەکانی پڕۆژەکە ئەندازیار ڕێدیر سلێمان، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگەوبانی دهۆک، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "پڕۆژەکە درێژییەکەی ٢٦ کیلۆمەترە و لە سێ قۆناغ پێکهاتووە. هەرچەندە ماوەی سێ ساڵ بۆ تەواوکردنی دانرابوو، بەڵام بەهۆی کارکردنی چڕ و خێرا، لە ماوەی تەنها ساڵێکدا گەیشتووەتە قۆناغی کرانەوە."

ئەندازیار ڕێدیر سلێمان گوتیشی، ''ئەم ڕێگەیە تەنها ڕێگەیەکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو تەواوکاریی پڕۆژەی دووسایدکردنی نێوان هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆکە. بە کردنەوەی ١٨ کیلۆمەتری ئەم ڕێگەیە پێش جەژنی نەورۆز، فشارێکی زۆر لەسەر ڕێگەی (بەدریک) کەمدەبێتەوە و سەلامەتی و خێرایی هاتوچۆ بۆ هاووڵاتیان و گەشتیاران دابین دەکرێت.

پەیوەست بە تایبەتمەندییە تەکنیکییەکان ڕێگەی دهۆک - باعەدرێ، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگەوبانی دهۆک گوتی، ''بەپێی ستانداردە جیهانییەکان دروست دەکرێت و ١٠ ئەندەرپاس و ئۆڤەرپاس لەخۆ دەگرێت، کە پێکەوە گرێدانی ناوچەکان بە شێوەیەکی زانستی ڕێکدەخەن و ڕووداوەکانی هاتووچۆ کەم دەکەنەوە.

شایەنی بیرهێنانەوەیە کە ڕۆژی دووشەممە، 03-06-2024، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی ڕێگەی باعەدرێ-ئێتیت دانا. درێژایی ڕێگەکە 26 کیلۆمەترە و بە گوژمەی 135 ملیار و 584 ملیۆن دینار دروست دەکرێت. بە تەواوبوونی پرۆژەکە، تەواوی ڕێگەی دهۆک – هەولێر دەبێتە دوو ساید.

 

قائید میرۆ