Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دەزگای خێرخوازی بارزانی لە ھاوکاریکردنی ئاوارەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود بەردەوامە

سوریا -KDP.info- ڕێکخەری دەزگای خێرخوازی بارزانی لە سوریا دەڵێت، "دوای ئەو شەڕ و ئاڵۆزییەی لە ھەردوو گەڕەکی شەرەفیە و شێخ مەقسود لە حەلەب دروست بوو، بە فەرمانی سەرۆک بارزانی، ھاوکاری ھەموو ئەو کەسانە دەکەین پێویستیان بە ھاوکاری ھەیە، تا ئێستا ھاوکاریی ھەزاران خێزانمان کردووە و بەردەوامیش دەبین."


پێشەوا بەھلەوی، ڕێکخەری دەزگای خێرخوازی بارزانی لە سوریا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند "ڕۆژانە ٣ھەزار ژەم خواردنی گەرم بۆ ئاوارەکانی ھەردوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە عەفرین دابین دەکەین، ھاوکاریی پزیشکیشیان بێ بەرامبەر پێشکەش دەکرێت، بەشێکی ئاوارەکان تووشی شۆک بوونە، ئەمڕۆ لەڕووی دەروونییەوە چارەسەر دەکرێن، جگە لەوە ھەزار ژەمی بەیانیش بۆ ئاوارەکان دابین کرا، ئێوارەش پێخەفی ٤٠٠ کەس بۆ کەمپی کەڤەر لە عەفرین دابین دەکرێت، چونکە ئێستا لە عەفرین زیاتر لە ٢٥ھەزار خێزانی ئاوارە ھەیە کە لە شێخ مەقسود و ئەشرەفییە ئاوارەبوونە، بەشێکی زۆری چوونەتە لای کەس وکاری خۆیان، ئەوانەی ماونەتەوەش دەبردرێنە کەمپ کە ھیچی تێدا نیە، ئێمە پێداویستی بۆ دابین دەکەین بۆ ئەوەی خەڵکی تێدا بحەوێتەوە."
پێشەوا بەھلەوی گوتیشی "تاوەکو ئێستا زیاتر لە ھەزار خێزان ھاوکاری کراون و بەردەوامیش دەبین، بەھۆی ئەوەی ژمارەی ئاوارەکان لە زیادبوون دایە، پێشبینی دەکرێت ئێوارە زیاتر بن، چونکە لە عەفرین ٢٥ھەزار خێزان و لەناو حەلەبیش ٢ھەزار خێزان ئاوارەبوونە، ئێمە لە حەلەبیش لەسەر خەتین، چەند ڕێکخراوێک ڕاسپێردراون بۆ ئەوەی ھاوکاری ئاوارەکان بن.
بەفەرمانی سەرۆک بارزانی لە ھەرکوێیەک ئاوارەکان پێویستیان بە ھاوکاری ھەبێت پێویستە ھاوکاری بکرێن، پێش دووساڵیش لەکاتی کارەساتی جەندرێس لە عەفرین، ھەمان پەیامی ھەبوو، بۆیە ھەرکوێیەک پێویستی بەھاوکاری مرۆیی ھەبێت دەزگای خێرخوازی بارزانی لەوێ دەبێت."

بڵند ئیبراھیم