ھەولێر -KDP.info- سەرۆکی یەکێتی ھاوردە و ناردنکارانی ھەرێمی کوردستان دەڵێت "ساڵی ڕابردوو نزیکەی ١٠٠ھەزار تەن بەرھەمی ناوخۆ ھەناردەی دەرەوە کراوە."
شێخ مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتی ھاوردە و ناردنکارانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ساڵی ڕابردوو نزیکەی ١٠٠ھەزار تەن بەرھەمی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان ڕەوانەی وڵاتانی جیھان کرا، کە ١٢جۆر بەرھەم بوو،
یەکێک لە کارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگیدانە بە بەرھەمی ناوخۆ، ئاسانکاری زۆریش بۆ جووتیار و خاوەنکار لەھەرێمی کوردستان کراوە، ھەر کارگەیەک ٢٥%ی بەرھەمی ناوخۆ دابین بکات حکوومەتی ھەرێمی کوردستان باجی زۆر دەخاتە سەر هەمان بەرھەم کە ھاوردە دەکرێت، بۆ ئەوەی بەرھەمی ناوخۆ ساخبێتەوە و بەهاکەی نەشکێت."
شێخ مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان گوتیشی "ئێستا لە ھەرێمی کوردستان ١٥٠ جۆری بەرھەمی ناوخۆ گەیشتۆتە ئاستی ئەوەی ٥٠ بۆ ١٠٠%ی پێداویستی ناوخۆ دابین بکات، وەکو بەرھەمی شیرەمەنی، پەلەوەر، ھێلکە، شیش و چیمەنتۆ، کە ٧٠%ی بۆ خوار و ناوەڕاستی عێراق ڕەوانە دەکرێن."
دەشڵێت "لە ساڵی ڕابردوو لە ھەرێمی کوردستان ٩٩ھەزار و ٨٥٢ تەن بەرھەمی ناوخۆ لە خواردن و کەلوپەل بۆ وڵاتان ھەناردە کراوە، بەردەوامیش کار دەکرێت بۆ ئەوەی ھەناردە زیاد بکرێت و ھاوردە کەمتر بێت، چونکە ئامانجی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە بتوانین لە داھاتوو بەبەرھەمی ناوخۆ پێداویستی خۆمان دابین بکەین لەجیاتی ئەوەی لە دەرەوە ھاوردەی بکەین."
بڵند ئیبراھیم