Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شێروانی بۆ KDP: نەبوونی بودجە کێشە بۆ مووچەی هەرێم دروست ناکات

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، هەرێمی کوردستان سەرجەم پابەندییە داراییەکانی خۆی، جێبەجێ کردووە و هیچ کۆسپێکی یاسایی لەبەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمدا نییە دەشڵێ، حکوومەتی ئێستای عێراق کاربەڕێکەرە و پێکهێنانی کابینەی نوێش کاتی پێویستە، بۆیە پێشبینی دەکرێت عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٦ نەتوانێت لە کاتی خۆیدا یاسای بودجە پەسەند بکات." 

سیپان شێروانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "بەهۆی ئەوەی حکوومەتی ئێستای عێراق حکوومەتێکی کاربەڕێکەرە و پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێش کاتی پێویستە، پێشبینی دەکرێت عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٦ نەتوانێت لە کاتی خۆیدا یاسای بودجە پەسەند بکات."

شێروانی ئاماژەی بەوەش کرد کە لە بارودۆخی وادا، یاسای کارگێڕی دارایی عێراق میکانیزمی "یەک لەسەر دوازدە" (١/١٢) جێبەجێ دەکات، کە ڕێگە بە حکوومەت دەدات خەرجییە بنەڕەتییەکان و مووچە بەپێی بودجەی ساڵی پێشوو بەردەوام بکات تا ئەو کاتەی یاسای نوێ پەسەند دەکرێت.

سەبارەت بە گرفتەکانی سەر پشکی هەرێم، شێروانی جەختی کردەوە کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەستراوەتەوە بە بڕیارێکی دادگای فیدراڵی و نابێت تووشی هیچ پەککەوتنێک بێت. گوتیشی، "هەرێمی کوردستان سەرجەم پابەندییە داراییەکانی خۆی، لەوانە ڕادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی، جێبەجێ کردووە. لەبەر ئەوە، پێویستە بەغداش هاوشانی پارێزگاکانی تری عێراق، مانگانە شایستە داراییەکانی هەرێم ڕەوانە بکات."

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران باسی لەوەش کرد کە هیچ پارێزگایەکی عێراق وەک هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی بەرامبەر بە ناوەند جێبەجێ نەکردووە. ئەم پابەندییە وای کردووە کە هەر جۆرە بڕین یان دواخستنێکی مووچە، پاساوی یاسایی نەمێنێت. شێروانی دووپاتی کردەوە کە تا کاتی دەستبەکاربوونی حکوومەتی نوێ و داڕشتنی دیدگای نوێ بۆ بودجە، پرۆسەی ناردنی مووچە بەبێ گرفت بەردەوام دەبێت.

 

بڵند ئیبراھیم