ھەولێر-KDP.info- سەرۆک بارزانی و تۆم باراک نێردەی تایبەتی سەرۆک ترامپ بۆ کاروباری سووریا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا گفتوگۆیان لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و سووریا و دواین پەرەسەندن و گرژییەکانی سووریا و شاری حەلەب ئاڵوگۆڕ کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، ئێوارەی ڕۆژی ھەینی ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆک مەسعود بارزانی و بەڕێز تۆم باراک نێردەی تایبەتی سەرۆک ترامپ بۆ کاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا ئەنجام درا.
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و سووریا و دواین پەرەسەندن و گرژییەکانی سووریا و شاری حەلەب ئاڵوگۆڕ کرا. ھەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا ھەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە ھەموو ھەوڵێک بدرێت بۆ ئەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان نەمێنن و بارودۆخ ئاسایی ببێتەوە و ھەنگاوی جددیش بۆ بەدیھاتنی ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی بنرێت.