ھەولێر-KDP.info- یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لەسەر رووداوەکانی حەلەب پەیامێک بڵاو دەکاتەوە و ئیدانەی هێڕشی سەر گەڕەکە کوردنشینەکان دەکات.
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە و ئیدانی ئەو هێرشانەی سوپای سوریا بۆ سەر کورد بەتایبەت گەڕەکی ئەشڕەفیە و شێخ مەقسود دەکات، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
((وَجَعَلْنَٰكُمْ شُعُوبًا وَقَبَآئِلَ لِتَعَارَفُوٓاْ..)) الحجرات: 13.
بە ئامانجگرتنی کورد و خەڵکی سڤیلی هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشڕەفییە لە حەلەب، بەهەموو پێوەرێک پێچەوانەی بنەماکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و مافەکانی مرۆڤ و رێسا نێودەوڵەتیەکانە، هیچ یاسا و لۆژیکێک جگە لە دەمارگیری کوێرانە؛ ڕێگە بەو هێڕش و کوشتن و ستەمە گەورەیە نادات.
بە توندی ئیدانەی ئەم هێڕشانە دەکەین، هیوادارین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەئاست ئەو هێرشکارییە بەرامبەر کورد بێ دەنگ نەبێت، داوا لە دامەزراوە و کەسایەتی ئایینی کورد و عەرەب لەناو سوریا دەکەین بەرپرسیارانە ڕۆڵی خۆیان ببینن و فاکتەری هێورکردنەوە و ڕاگرتنی شەڕ بن نەک فووکردن، داواش لە حکوومەتی سوریا دەکەین ئەو شەڕ و دەستدرێژییانە ڕابگرێت، لە بری گەمارۆ و گرژی و شەڕ، دانوستان و ئاشتی و دیالۆگ بکاتە هەوێنی بونیادنانی سوریای نوێ و مافی پێکهاتەکان لەبەرچاو بگرێت.
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
9ی1ی2026