Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی پشتگیریی خۆی بۆ هەڵوێستەکانی سەرۆک بارزانی ڕادەگەیەنێت

ھەولێر-KDP.info- کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، هۆشداریی لەبارەی تێکچوونی دۆخی مرۆیی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی شاری حەلەب دەدات و پەلامارە سەربازییەکانی سوپای سووریا و گرووپە چەکدارە توندڕەوەکان بۆ سەر هاووڵاتیانی کورد سەرکۆنە دەکات، کۆنفیدراسیۆنەکە وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ بەرامبەر هێرشە ڕەگەزپەرستانەکان، پشتگیریی خۆی بۆ هەڵوێستە مێژوویی و نەتەوەییەکانی سەرۆک مەسعوود بارزانی ڕادەگەیەنێت و تێڕوانینەکانی بە زەرورەتێکی هەنووکەیی بۆ پاراستنی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان وەسف دەکات.   

لە ڕاگەیەندراوەکەدا کە لە ڕێکەوتی 8ی کانوونی دووەمی 2026 بڵاوکراوەتەوە، کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و وڵاتانی دیموکراتخواز دەکات بە پەلە بێنە سەر هێڵ بۆ ڕاگرتنی پڕۆسەی کوشتن و ئاوارەکردنی زۆرەملێی گەلی کورد. 

جەخت کراوەتەوە لەوەی،  پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتیی یاسایی و ئەخلاقیی خۆی هەڵگرێت و ڕێگری لە هەر هەوڵێکی قڕکردن بگرێت، چونکە پاراستنی گیانی بێتاوانەکان دەبێت لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییە سیاسییەکانەوە بێت.

کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی پەیامی سەرۆک مەسعوود بارزانی بۆ پشتگیریکردنی مافە ڕەواکانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بە بەرز و مێژوویی نرخاندووە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، تێڕوانینی سەرۆک بارزانی بۆ دوورخستنەوەی کورد لە شەڕی نێوان پێکهاتەکان و ڕێگریکردن لە دروستبوونی ئاڵۆزیی نەتەوەیی لەگەڵ عەرەب، نەخشەڕێگەیەکی حەکیمانەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەی کورد و ڕێگریکردن لە ماڵوێرانیی زیاتر. 

هەروەها داوا لە تەواوی هێزە کوردستانییەکان کراوە لەم ساتە وەختە هەستیارەدا یەکدەنگ بن و پشتیوانیی خەڵکی خۆڕاگری شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بکەن.