زاخۆ-KDP.info- قایمقامی قەزای باتیفا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕایگەیاند، ئەو فەرمانگانەی پێویست بوون بۆ بەقەزابوونی باتیفا، کراونەتەوە و تەنیا یەک فەرمانگە ماوە ئەویش بڕیاری بۆ دەرچووە و بەم زووانە دەکرێتەوە. دەشڵێ، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بودجەی بەردەواممان بۆ خەرج دەکات بۆ ئەوەی خزمەتی قەزای باتیفا بکەین و ئەمساڵ بە گوژمەی ھەشت ملیار دینار پڕۆژە لە باتیفا لە ھەموو سێکتەرەکان ئەنجام دەدرێن.
قەزای باتیفا لە ڕێکەوتی ٢-١٠-٢٠٢١ بە بڕیاری ژمارە (١٨٣٢٤)ی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وەک قەزا لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دامەزرا، پەیوەست بە خزمەتگوزاریەکان لەو قەزایە، فەرھاد مەحموود، قایمقامی قەزای باتیفا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ''دوای ئەوەی بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان باتیفا بووە قەزا، ئەوەی پێویست بێت ئەنجام دراوە بۆ ئەوەی ببێتە قەزایەکی تەواو و ئەو فەرمانگانەی پێویستن کراونەتەوە، کە چوار فەرمانگەی تازەن، ئەوانیش فەرمانگەی تاپۆ و گەشتوکوزار و چاودێریی کۆمەڵایەتی و دارایین و سێ لەوانە کراونەتەوە و تەنیا تاپۆ ماوە ئەویش بڕیاری بۆ دەرچووە و بەم زووانە دەکرێتەوە، ئەوانەی دیکەش پلەیان بەرز کراوەتەوە و ھەندێکیش بنکە بوون بوونەتە بەش و بەشێکیشیان بوونەتە بەڕێوەبەرایەتی، بۆیە فەرمانیان دەرچووە و تەنیا ماوە جێبەجێ بکرێت.
قایمقامی قەزای باتیفا هێمای بۆ ئەوەش کرد، بۆ ئەوەی باتیفا سیمای قەزایەکی تەواوی ھەبێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بودجەی ساڵانەمان بۆ تەرخان دەکات بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە لە ھەموو سێکتەرەکاندا و ئەو پلانەی لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش دانراوە، ٦٠%ی جێبەجێ کراوە و پڕۆژە بەردەوام ئەنجام دەدرێن، وەکو نەخۆشخانە و ڕێگەوبان و شوێنی گەشتیاری و خزمەتگوزاری بۆ دابین کراوە وەک دابینکردنی ئاو و چاککردنی ڕێگەی گوندەکان و ئاوەڕۆکان و قیرتاوکردنی ڕێگە ناوخۆییەکانی قەزاکە.
ناوبراو هەروەها دەشڵێت، ئەمساڵ بە گوژمەی ھەشت ملیار دینار پڕۆژە لە باتیفا جێبەجێ دەکرێن، کە بریتین لە دروستکردنی ڕێگەی ناوخۆیی و بنکەی وەرزش و لاوان و دروستکردنی یاریگایەک و قوتابخانە و نەخۆشخانە، کە بەشێکیان جێبەجێ کراون و بەشێکیشیان لە قۆناغی ڕاگەیاندندان، بۆیە ئێستا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وەکو قەزایەک مامەڵەمان لەگەڵ دەکات و ساڵانە بودجەمان بۆ تەرخان دەکات، بۆ ئەوەی باتیفا ھاوشێوەی قەزاکانی دیکە خزمەتێکی زیاتری بکرێت.
بڵند ئیبراھیم