دکتۆر کەمال کەرکووکی
داستانی شارەستێن، ئەسێرەیەکی پرشنگداری گرینگە بۆ هەمیشە لە مێژوویی کوردستاندا بە درەوشاوەیی دەمێنێت، داستانی ڕۆڵە دلێر و دڵسۆزەکانی سەرکردایەتیی کاتی (القیادة المؤقتة)ی پارتی دیموکراتی کوردستان و گەلی کوردستانە، داستانی ڕۆڵە مەردەکانی قوتابخانەی بارزانییە.
داستانی شارەستێن سەرکەوتنی ئیرادە بوو، بە سەر ناهەق و دیکتاتۆرەکاندا، داستانی پەیڕەوانی قوتابخانەی بارزانی بوو و، بە بەرزی وەکو ئەستێرەیەکی ھەمیشە درەوشاوە و پرشنگدار لە ئاسمانی کوردایەتی و کوردستان و لە مێژوویی گەلەکەماندا دەدرەوشێتەوە و دەمێنێت.
لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆ، لە (26ی کانوونی یەکەمی 1976) پێشمەرگە سەربەرزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان - قیادەی موەقەتە - ھەڵۆ ئاسا و پشتئەستوور بە باوەڕ بە خوا و بە خۆ و بە ڕەوایەتیی پرسی کورد و کوردستان و بە ڕێبازی پیرۆزی بارزانی و بە سەرکەوتن، لە سنووری پارێزگای سلێمانی - قەزای دوکان و لە ناوچەی جافایەتی لە گوندەکانی (شارەستێن و سێدەر و سەرگەڵوو) و ناوچەکانی شینکایەتی (قامیش و گەڵاڵە و سەفرە) لە یەك ڕۆژ و لە یەك کاتدا لە بەرەبەیانێکی تەمومژاوی و زۆر سارددا، ڕووبەڕووی ھێرشە دڕندانەکانی سوپای ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس بوونەوە کە مەبەستیان ڕاگواستنی دانیشتووانی ناوچەکانی قەڵای شۆڕش و مەردایەتی و، داگیرکردنی ناوچەکان بوو.
پێشمەرگە دڵسۆزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان - سەرکردایەتیی کاتی (القیادة المؤقتة) لە سنووری هەرێمی دووی پارتیمان، لە شارەستێنی سەربڵند و لە گشت بەرەکانی ڕووبەڕووبوونەوەدا، مەردانە و سەربەرزانە ھەڵۆ ئاسا لە ھێزەکانی دوژمنی ستەمکار ھاتنە دەست و تێکیانیان شکاندن و، وانەیەکیان پێدان ھەرگیز لە یادیان نەچێت.
هێزەکانی داگیرکەر تێکدران و ھەڵتەکێندران و شیرازەیان لە دەست دا، بە شێوازێك ھەڵاتن و ڕاونران ئەوانی مابوون بە جۆرێک سەریان لێ شێوا بوو ئێستاش نازانن چۆن و بە چ ڕێگایەكدا ڕایان کردووە و چییان بەسەردا ھاتوو و چۆن دەربازیان بوون.
لە (26ی کانوونی یەکەمی 1976) لە ھەر چوار بەرەی جەنگدا، کە قورسایی پێکدادانەکە لە بەرەی شارەستێن بوو، دوژمنانی ماف و خاكی کوردستان تێکشکێنران و ڕاونران و سێ ھیلیکۆپتەری سوپای بەعس خرانە خوارەوە و (163) سەرباز و پلەداری سەربازی و ئەفسەری پلە بەرز و جۆراوجۆر کوژران و، ژمارەیەک بریندار و دیلیان لێ بەجێ ما و کەوتنە دەستی پێشمەرگە سەربەرزەکانی پارتیمان پارتی دیموکراتی کوردستان - قیادەی موەقەتە - و کەرەستە و کەلوپەلێکی سەربازیی زۆریانیش لێ گیرا و لە بەرەی نێوان قامیش و گەڵاڵە چەند ئۆتۆمۆبیلی سەربازییان لە کاتی ھەڵاتندا، وەرگەڕان و بەجێ مان.
داستانی شارەستێن بە گیانی پاکی حەوت شەھیدی پێشمەرگەی قارەمان و (14) شەھیدی ھاووڵاتیی سەربەرز، لە نێویاندا کەسایەتیی سەربەرز و ناسراو زانای ئاینی و نیشتمانپەروەر ڕێزدار حاجی مامۆستا مەلا ڕەسوڵی شارەستێنی و، (52) پەنجا و دوو برینداری ئافرەت و منداڵ و پیر و گەنجی سڤیلی ناوچەکە و برینداربوونی نۆ پێشمەرگەی دلێری پارتی دیموکراتی کوردستان - قیادەی موەقەتە - و برینداربوونی بەرپرسی ھەرێمی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان - قیادەی موەقەتە و جێگرەکەی، تۆمار کرا. بەو داستان و گیانفیداییەی پێشمەرگە قارەمانەکان ناوچەکە لە ڕاگواستن و داگیرکاری پارێزرا.
لەو سەردەمە ھەستیارەدا، داستانی شارەستێن خەم و دڵتەنگی و بێئومێدیی دڵسۆزانی گەلی کوردستانی ڕەواندەوە و دڵخۆشی و ئومێد و باوەڕ بە سەرکەوتنی بۆیان گێڕایەوە و لە کوردستان و عێراق و ناوچەکە و ھەموو جیھاندا پەیامی بەردەوامیی شۆڕشی کورد و کوردستان بڵاو بووەوە و ئاوارەکانی کورد لە ئۆردوگاکان لە باشووری عێراق و، ئەو کوردانەی کە لەبەر نسکۆی شۆڕشی ئەیلول ئاوارەی ھەندەران بووبوون بە بیستنی هەواڵی بەردەوامیی شۆڕش و سەرکەوتنی پێشمەرگە بەسەر سوپای داگیرکەردا شاد بوون و ورەیان بەرز بووەوە.
لە هەمان کاتدا، داستانی شارەستێن بێئومێدی و ڕسوایی لە دڵ و دەروونی نەیارانی کوردستان و پیلانگێڕانی ڕێککەوتننامەی جەزائیر و خائین و خۆفرۆشان چاند.
داستانی شارستین لە میدیاکانی جیھان، بە تایبەتی ڕادیۆی (بی بی سی) و ڕاپۆرتی ئەندرۆ ویتلی ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی بەریتانی، دەنگی دایەوە و بە وردی باسی وردەکارییەکانی نەبەردی شارەستێنیان کرد و بە دنیای دەرەوەیان ڕاگەیاند کە شۆڕشی کوردستانی عێراق بەردەوامە و پێشمەرگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مستەفا بارزانی بۆ بەدەستھێنانی مافەکانی گەلی کوردستان شۆڕشی گوڵانیان هەڵگیرساندووە و شەڕی پارتیزانی لە دژی ڕژێمی بەعسی بەغدا دەکەن.
لە ئەم یادە گرینگەدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەھیدانی داستانی شارەستێن و گشت شەھیدانی کورد و کوردستان و شەھیدانی کیمیاباران و ئەنفال دادەنوێنین.
سڵاو بۆ پێشمەرگە ئازا و گیان لەسەر دەستەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (القیادة المؤقتة) و بەرپرس و فەرماندە و ھاووڵاتییانی سەربەرزی شارەستێن و سێدەر و سەرگەڵوو و هەوارە بەرزە و خوڕخوڕە یاخیان و گۆمەزەڵ گەورەدێ و کانی توو و مەرگە و سەرتەنگ و لبانە و گشت ناوچەی جافایەتی و شینکایەتی و گەڵاڵە و سەفرە وزەرون و قامیش و گشت کوردستان و گشت ئەو دڵسۆزانەی بەو سەرکەوتنە شاد بوون و گشت بەشداربووانی داستانی شارەستێن لە 26ی کانوونی یەکەمی 1976دا.
سڵاو لە گشت پێشمەرگە سەربەرزەکانی کوردستان و دڵسۆزانی گەلەکەمان لە کوردستان و عێراق و لە ھەندەران، سڵاو بۆ ڕوحی پاکی ھەڵۆی بەرزەفڕ بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی ھەمیشە لەیاد.