ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، کۆبوونەوەی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان لە بەغدا ئەرێنی بووە و ھەمووان لەسەر ئەوە ھاوڕان پێویستە بەپێی بەرکەوتەی ھەڵبژاردن مامەڵە لەگەڵ ھەر لایەنێک بکرێت و ئێمەش دەمانەوێت حکوومەتی تازە ھی ھەموو عێراقییەکان بێت.
پەیوەست بە کۆبوونەوە و گفتوگۆی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ هێز و لایەنە عێراقییەکان، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان، تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دوا و گوتی، ''شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی فازڵ میرانی لە بەغدا لەگەڵ لایەنەکانی عێراق کۆمەڵێک کۆبوونەوەمان ئەنجام داوە و بۆچوونی پارتی دیموکراتی کوردستان بە لایەنەکان ڕاگەیاندراوە لەبارەی پێکھێنانی حکوومەتی تازەی عێراق، کە بۆچوونی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەبوو، پێویستە پێکھێنانی حکوومەتی تازەی عێراق لەسەر بنەمای ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن بێت و ھەر لایەنێک بەپێی بەرکەوتەی ھەڵبژاردن مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
فارس عیسا گوتیشی، ''بە گشتی بۆچوونی لایەنەکانی عێراق لەسەر پێکھێنانی حکوومەتی تازەی عێراق زۆر ئەرێنی بوو، بەڵام ھەمووان ھاوڕا بوون پێویستە دابەشکردنی پۆستەکان بە گوێرەی بەرکەوتنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بێت، کە لە ١١/١١/٢٠٢٥ بەڕێوەچوو.
ناوبراو باسی لەوەش کرد، ''حکووومەتی تازەی عێراق پێویستە حکوومەتی ھەمووان بێت و ھیچ جیاوازییەک لەنێوان پێکھاتەکاندا نەکات، چونکە ئێمە عێراقێکی سەقامگیرمان دەوێت کە ڕێز لە مافی ھەموو عێراقییەکان بەبێ جیاوازی بگرێت، بۆیە بەگشتی ئەنجامی دانوستانەکانمان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان باش و ئەرێنییە.
بڵند ئیبراھیم