بەغدا-KDP.info- لە کۆتایی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە سەرۆکایەتی بەڕێز فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی، لەگەڵ دادوەر "فایەق زێدان" سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری کۆبووەوە.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا، کە نەوزاد ھادی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و ئومێد سەباح، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزب، و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا ئامادەی بوون، باسی ڕێگاکانی پتەوکردنی پەیوەندییەکان وھەماھەنگی نێوان، دەسەڵاتە دەستووریەکان بۆ چەسپاندنی سەروەری یاسا لە وڵاتدا کرا.
ھەردوولا جەختیان لەسەر پێویستی، چارەسەرکردنی تەواوی کێشە و ناکۆکییەکان، بە گوێرەی یاسا و دەستوور کردەوە، ھەروەھا دەسەڵاتی دادوەری، دوا ناوبژیوانی، یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە یاساییەکان بێت.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، "میرانی" ڕۆڵی دەسەڵاتی دادوەری و بەتایبەت بەڕێز "زێدانی" بەرز نرخاند، بۆ ھەوڵەکانی بۆ پاراستنی سەقامگیری لە وڵاتدا، بە تایبەتی لە کاتی پرۆسەی ھەڵبژاردنەکاندا، تاوەکو پشتڕاستکردنەوەی ئەنجامەکان.
