Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هەوڵەكانی بەڕێز مەلا مستەفا بارزانی وای کرد دەروازەکە بکرێتەوە و بۆ تەواوی هاووڵاتیانیش خێردار بووە

هەولێر-KDP.info- سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت ڕایدەگەیەنێت، دەروازەکە وەک پردێکی نێودەوڵەتیی بەهێز وایە لە نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی تورکیادا، کە ئاسانکارییەکی یەکجار زۆری بۆ هاووڵاتیان کردووە.

جەواد سوار، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت، تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "کرانەوەی دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت کاریگەریی یەکجار ئەرێنی دروست کردووە لە ڕووی ئاسانکاریی هاتوچۆ و کەرتی گەشتوگوزار، بۆ خەڵکی دەڤەرەکە به گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی".  زیاتر ڕوونی کردەوە، "پێشتر کاتێک هاووڵاتیانی دەڤەرەکە دەیانویست سەردانی وڵاتی تورکیا بکەن، دەبووایە بە ڕێگەی سەرزێڕ نزیکەی ۱۷ كاتژمێریان بڕیبا بۆ گەشتن بە شوێنی مەبەست. بەڵام ئێستا لای ئێمە، لە دەروازەی نێودەڵەتیی زێت ڕێگەکە کورتتر بووەتەوە و بە کەمتر لە ٥ كاتژمێر هاووڵاتییان دەتوانن بگەنە شەمزینان، گەڤەڕ، وان و باکووری کوردستان بە گشتی".

 سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت، باسی لە ڕۆڵ و کاریگەریی بەڕێز مەلا مستەفا بارزانی کرد لە کردنەوەی ئەم دەروازەیە، لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانیشەوە، هەوڵەکانی بەرز نرخاند و گوتی، "جەنابی مەلا مستەفا بارزانی هەوڵی زۆر جیددی دا بۆ کردنەوەی دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت. سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، هەوڵەكانی جەنابیان دەرەنجام وای کرد پڕۆژەکە سەر بگرێت و دەروازەکە بکرێتەوە".

 ناوبراو هەروەها هێمای بۆ ئەوەش کرد، "ڕۆژانە خەڵکێکی زۆر لەم دەروازەیەوە هاموشۆی وڵاتی تورکیا دەکەن، بە تایبەتیش لە حاڵەتە نەخوازراوەکان هاووڵاتیانی سلێمانی، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین لە ڕێی ئەم دەروازەیەوە گەشتی وڵاتی تورکیایان کردووە. یان لە شەڕی ۱۲ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسڕائیل، کاتێک فڕۆکەخانەکان داخرابوون، ڕێژەیەکی زۆری گەشتیار بە دەروازەی نێودەڵەتیی زێتدا گەشتی وڵاتی تورکیایان کرد وەک بەدیلێک بۆ دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل کە لۆدێکی زۆری لەسەر بوو، لەوکاتەدا کە هاووڵاتییان بە ٨-۹ دەمژمێر لە ئیبراهیم خەلیل لە نۆرە دەوەستان، لە زێت بە ۱٥-۲۰ خولەک تێپەڕ دەبوون".

جەواد سوار، لە درێژەی لێدوانەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، "دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت نەک تەنیا بۆ خەڵکی دەڤەری سۆران و مێرگەسۆر، بەڵکو بۆ تەواوی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان خێردار بووە، ئاسانکاری لە هاتوچۆی گەشتیاران کردووە و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر کەرتی ئابووری جێهێشتووە".

 

ئەژین غەفار