Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

كەلاری بۆ KDP باسی گرینگی تەوەری پێنجەمی کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دەکات

گەرمیان-KDP.info- ڕۆژی پێنجشەممە، 18ی کانوونی یەکەمی 2025، کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی و بە ئامادەبوونی جێگرانی سەرۆک و ئەندامانى کۆمیتەى ناوەندى و بەرپرسى لقەکان، کۆبوونەوەیەکی فراوانی ئەنجام دا، لە تەوەری پێنجەمی کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر زیاتر پتەوکردنى پەیوەندى لەگەڵ جەماوەرى شار و لادێکان و ئۆرگانەکانیش ببنە ئەڵقەیەکى خێراترى گەیاندنى داواکارى و ڕا و پێداویستییەکانیان بۆ سەرکردایەتى.

لەوبارەیەوە، حوسێن كەلاری، بەرپرسی لقی 22ی گەرمیانی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دواو گوتی، "ئەو دنیابینییەی پارتی بۆ خزمەتی خەڵك هەیەتی، نوێنەرانی پارتی لە حكوومەت جێبەجێی دەكەن، هەمووشی لە چوارچێوەی كارنامەی پارتییە، كە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا خستوویەتییە بەردەم دەنگدەران، بۆیە نوێنەرانمان لە حكوومەت بەرنامەی پارتی وەک خۆی جێبەجێ دەكەن".

حوسێن كەلاری گوتیشی، "دەبێ ڕاستەوخۆ دامەزراوەكانی حزب دەرگایان بە ڕووی هاووڵاتیاندا کراوە بێت و كێشەكانی خۆیان لە ڕێگەی ئۆرگانە حزبییەكانی پارتی بگەیەننە كاربەدەستانی خاوەن بڕیار لە سەركردایەتیی حزب و حكوومەت".

ناوبراو هەروەها دەشڵێ، "وەک لقی 22ی گەرمیانی پارتی، بە پڕاکتیكی ئەوەمان جێبەجێ كردووە و دەرگای ئۆرگانەكانی حزب بە ڕووی هاووڵاتیاندا كراوە بوون، هەروەها گوێ لە داواكاری و پێشنیازەكانیان گیراوە و كار لەسەر جێبەجێكردنیان كراوە".

كەلاری ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، "پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ جەماوەردا، بۆ ئەوەیە ڕۆتینات كەم بكرێتەوە لە چوارچێوەی ئەو ئەركانەی كادیری حزب هەیەتی بۆ گەیاندنی داواكارییەكانی جەماوەر بە دەسەڵاتدارانی خاوەن بڕیار".

بەرپرسی لقی 22ی گەرمیانی پارتی ئەوەش دەخاتەڕوو، "بنكە و ڕێكخراو و ناوچەکان پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ جەماوەر لە شار و گوندەكاندا هەیە، زۆر جار بۆ گەیاندنی پەیام و داواكاریی جەماوەر، بە گشتی لە كاتی پێویست بۆ نەهێشتنی ڕۆتین لە هۆكانی تری پەیوەندی دەتوانین كەڵك وەربگرین تاكو زیاتر و زووتر پەیامی هاووڵاتییان بە ناوەندی بڕیار بگەیەنین".

"پارتی خاوەنی زیاتر لە یەك ملیۆن و 110 هەزار دەنگە، کە حزبێكی كوردستانییە و نوێنەرایەتیی خەڵكی كوردستان دەكات لە حكوومەتی ناوەندیی عێراق و حکوومەتی هەرێمی كوردستاندا، بۆیە ئەركی كادر و ئۆرگانەكانی ئێمە زیاتر دەبێت بۆ وەڵامدانەوەی ئەو متمانەیەی خەڵك پێی داوین و دەبێت كادرانمان تەیار بن بۆ ڕاپەڕاندنی هەموو داواكاری و پێشنیازەكانی خەڵك". حوسێن كەلاری وای گوت.

 

عەزیز ڕەسووڵ