Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هاتووچۆ لە دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت ڕادەگیرێت

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت ئاگادارییەکی بەپەلەی ئاراستەی گەشتیاران و ھاووڵاتییانی سنوورەکە کردووە و ڕایگەیاندووە، بەمەبەستی ئەنجامدانی کارکردن و چاکسازی لە ڕێگاوبانەکان، سبەی ھەینی جووڵەی گەشتیاری و ھاتووچۆ لە دەروازەکە بەشێوەیەکی کاتی ڕادەگیرێت و تا سەرەتای ھەفتەی داھاتوو دەست پێ ناکاتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی دەروازەی زێتدا ڕوون کراوەتەوە، ڕاگرتنی گەشتکردن تەنیا بۆ ماوەی یەک ڕۆژ دەبێت، کە دەکاتە سبەی ھەینی ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، بەڵام بە کردەیی دەروازەکە تا ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی مانگ بە ڕووی گەشتیاراندا ناکرێتەوە.

ئیدارەی دەروازەکە ھۆکاری ئەم بڕیارەی بۆ بوونی کارکردن لە جادە و ڕێگاوبانەکانی دەروازەکە لە دیوی تورکیا گەڕاندووەتەوە و دڵنیاییشی داوە کە ھیچ گرفتێکی تەکنیکی یان ئیدارەیی لە دیوی ھەرێمی کوردستان (دەروازەی زێت) نییە و ڕێکارەکە تەنیا پەیوەستە بە لایەنی بەرانبەرەوە.

دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت دەکەوێتە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای ھەولێر و وەک خاڵێکی ستراتیژی، ھەرێمی کوردستان بە باکووری کوردستان و تورکیا دەبەستێتەوە.

کردنەوەی ئەم دەروازەیە جگە لەوەی بووەتە ھۆی ئاسانکارییەکی زۆر بۆ دانیشتووانی ناوچەکە، ڕۆڵێکی گرنگیشی بینیوە لە کەمکردنەوەی جەنجاڵی لەسەر دەروازە سەرەکییەکانی دیکە و بووەتە ڕێڕەوێکی نوێی بازرگانی و گەشتیاری لە نێوان ھەردوولادا.