Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لیوا فایەق بۆ KDP: لە ئەگەری دەستگیرکردنی ھەر گەنجێک ھەڵوێستمان دەبێت و جێگەی قبووڵکردن نییە

هەولێر-KDP.info- نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق دەڵێ، ئاڵای کوردستان بەپێی دەستووری عێراق ڕێگەپێدراوە و چەند  گەنجێک ویستوویانە یادی ئاڵا بکەنەوە، بەڵام ڕێگرییان لێ کراوە و ھەوڵی دەستگیرکردنیان دراوە ،بەڵام ئێمە لەسەر هێڵ دەبین و ڕێگە نادەین تەعەدا لە ھیچ گەنجێکی کورد لە کەرکوک بکرێت، چونکە کارێکیان نەکردووە دژی ئەمنیەتی شاری کەرکووک بێت.

لەوبارەیەوە لیوا فایەق مزووری، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، لە ڕۆژی ئاڵای کوردستاندا چەند گەنجێکی کوردی شاری کەرکووک ویستوویانە ئاڵای کوردستان لەسەر پەیکەری پێشمەرگە لە کەرکووک ھەڵبدەن و ھێزە ئەمنییەکان ڕێگرییان لێ کردبوون و ھەوڵی دەستگیرکردنیان دابوون، بەڵام ئێمە ھەڵوێستمان دەبێت لە ئەگەری دەستگیرکردنی ھەر گەنجێک و پەیامی حکوومەتی ھەرێم دەگەیەنین، کە ئەوە جێگەی قبووڵکردن نییە، چونکە ئەو کارەی کردوویانە پێچەوانەی دەستوور نییە و دەستوور دانی بە ئاڵای کوردستاندا ناوە، بەداخەوە ئەوان ھیچ کات پابەندی دەستوور نەبوون تەنیا بۆ بەرژەوەندیی خۆیان نەبێت.

نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئەو کارەی کراوە، دەیگەیەنینە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق و لە بەدواداچوونیشی بەردەوام دەبین لە بارەی ئەو گەنجانە، بۆیە ڕێگە نادەین گەنجانی کورد دەستگیر بکرێن و پارێزگارییان لێ دەکەین، چونکە ئەوانە تەنیا ڕۆژی ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان بەرز ڕاگرتووە و ھیچ ھەڵەیەکیان ئەنجام نەداوە، بۆیە خۆمان بەردەوام لەگەڵیان لەسەر هێڵ دەبین و ڕێگە نادەین تەعەدا لە ھیچ کوردێک بکرێت.

 

بڵند ئیبراھیم