Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

قایمقامی چۆمان بۆ KDP: دوای سەری ساڵ پڕۆژەکە دەست پێدەکات

چۆمان-KDP.info- بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت پڕۆژەی جووتسایدی حاجی ئۆمەران ڕێگەی هامڵتۆن-سۆران لە ساڵی داهاتوودا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەحمەد بارزان، قایمقامی قەزای چۆمان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، قۆناغی دووەمی پڕۆژەی جووتسایدی حاجی ئۆمەران بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

پەیوەست بە دیزاین و وردەکارییەکانی پڕۆژەکە، ئەحمەد بارزان دەڵێ، دیزاینی پڕۆژەکە تەواو بووە، تاکو ڕەشدوور کە پێکدێت لە شەش ئۆڤەرپاس و نۆ ئەندەرپاس، هەروەها چەند تونێلێکی قەبارە بچووک و گەورە لەخۆ دەگرێت.

ناوبراو هەروەها زیاتر گوتی، کۆمپانیای "نۆڕز لایت" سەرپەرشتیی پڕۆژەکە دەکات. قۆناغی یەکەم لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە تا ڕەشدوور دەبێت، کە 15 کیلۆمەتر لەخۆی دەگرێت، کە ئێستا کۆمپانیاکە خەریکی ئامادەکارییەکانە و بەم نزیکانە دەست پێدەکات.

ماوەی جێبەجێکردنی ئەم قۆناغە ١٨ مانگە و دەبێ کۆمپانیایەکە کارەکانی تەواو بکات.

قایمقامی چۆمان دەشڵێ، قۆناغی دووەم لە ڕەشدوورەوە تا دەروازی شاری سۆران درێژ دەبێتەوە، کەوا کۆمپانیا ئێستا لە بواری جێبەجێکردنی دیزانیکردندایە بۆ ڕێگەی هامڵتۆن- سۆران دوای سەری ساڵ پڕۆژەکە دەست پێدەکات و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئاماژەشی بەوەدا کە ڕێگەی هامڵتۆ یەکێک دەبێت لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە ڕێگەی حاجی ئۆمەران- سۆران ڕێگەیەکی گرینگ و ستراتیژییە له بواری بازرگانی و کشتوکاڵی و گەشتوگوزار.

 

کرمانج گوانی