Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی هەرێم بۆ یانەی زاخۆ: ئێوە پەیامی ئاشتی و خۆشەویستی و ژیاندۆستیی گەلی کوردستانتان بە جیهان گەیاند

ھەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا پیرۆزبایی لە هاندەرانی زاخۆ دەکات و دەڵێ، ئێوە بە جۆش و خرۆش و شێوازی شارستانییانەی هاندان، یاریگاکه‌تان کرده‌ تابلۆیەکی هونەریی جوان و پەیامی ئاشتی و خۆشەویستی و ژیاندۆستیی گەلی کوردستانتان بە جیهان گەیاند..

دەقی پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان: 

بەڕێزان سەرۆک و دەستەی کارگێڕی و هاندەرانی یانەی وەرزشیی زاخۆ، 

بە گەرمی پیرۆزباییی ئەم دەستکەوتە جیهانییەتان لێ دەکەم کە تێیدا هانده‌رانی دڵسۆزی یانەی زاخۆ له‌لایه‌ن فیفاوه‌ وەک باشترین و کاریگەرترین هانده‌ر لەسەر ئاستی جیهان دەستنیشان کران.

ئەم نازناوە جیهانییه‌، تەنها سەرکەوتنێک نییە بۆ یانەی زاخۆ، بەڵکوو شانازییە بۆ تەواوی بزووتنەوەی وەرزشی لە هەرێمی کوردستان و عێراق.

ئێوە بە جۆش و خرۆش و شێوازی شارستانییانەی هاندان، یاریگاکه‌تان کرده‌ تابلۆیەکی هونەریی جوان و پەیامی ئاشتی و خۆشەویستی و ژیاندۆستیی گەلی کوردستانتان بە جیهان گەیاند.

دڵسۆزی و وەفاداریی خەڵکی خۆشەویستی زاخۆ بۆ یانەکەیان، نموونەیەکی باڵایە. هیوادارم هەمیشە وەک پێشەنگ بمێننەوە و پاڵپشتێکی بەهێز بن بۆ پێشکەوتنی وەرزش و بەرزڕاگرتنی ناوی کوردستان.

دووبارە پیرۆزباییتان لێ دەکەم و هەر سەربەرز و سەرکەوتوو بن.

 

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

2025/12/16