Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ یادی (٤٠) ساڵەی دامەزراندنی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە یادی چل ساڵەی دامەزراندنی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستاندا، بە گەرمی پیرۆزبایی له‌ سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ده‌كات و ده‌ڵێت، جەخت دەکەینەوە سەر هاریکاری و هەماهەنگی نێوانمان و سەرجەم پارت و هێز و لایەنە سیاسییەکان بۆ پتەوکردنی بنەماکانی دیموکراسی و پێکەوەژیان و بەرقەراربوونی ئاشتەوایی و پاراستنی دەستکەوتەکانمان.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان:

بەڕێزان / سکرتیر و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و  سەرکردایەتی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان..        

 لە ساڵوەگەڕی دامەزراندنی حزبی زەحمەتکێشانی کوردسان، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و ئەندامان و لایەنگرانی حزبە تێکۆشەرەکەتان دەکەین و، هیوادارین لە خەباتی ڕەواتاندا بەردەوام بن بۆ دەستبەرکردنی مافەکانمان و ئارامیی و  ئاسودەیی بۆ هەرێمی کوردستان.

 حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، یەکێکە لەو حزبە تێکۆشەرانەی ڕۆڵی دیار و کاریگەر ی هەبووە لە پڕۆسەی دیموکراسی و حوکمڕانی هەرێمی کوردستاندا، لەم یادەدا وێڕای بەرزنرخاندنی خەباتی درێژخایەنی حزبەکەتان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان، دووبارە جەخت دەکەینەوە سەر هاریکاری و هەماهەنگی نێوانمان و سەرجەم پارت و هێز و لایەنە سیاسییەکان بۆ پتەوکردنی بنەماکانی دیموکراسی و پێکەوەژیان و بەرقەراربوونی ئاشتەوایی و پاراستنی دەستکەوتەکانمان.

 

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

١٣ـی کانوونی یەکەمی ۲۰۲٥