Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فەلاح حەسەن بۆ ڕێکخراوەکان: سوپاسی ھاوکارییەکانتان دەکەین بۆ زیانلێکەوتووان

ھەولێر-KDP.info- ڕۆژی سێشەممە، ٩ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، بەھۆی بارانی بە خووڕ لە ناوچە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بووە ھۆی دروستبوونی لافاو و زیانێکی زۆری بەر ماڵی ھاووڵاتییان گەیاند، ھەروەھا لە گەرمیان و چەمچەماڵ بووە ھۆی گیان لەدەستدانی چەند ھاووڵاتییەک.

دوای ئەم ڕووداوەش سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوەکانی ناحکوومی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بانگەوازێکی ڕاگەیاندوو داوای لە ڕێکخراوە کوردستانی و بیانیەکان کرد کە بە ھانای ھاووڵاتیانەوە بچن و مرۆڤایەتی خۆیان نیشان بدەن بەناردنی کەلوپەل و خۆراکی پێویست بۆ سەرجەم ئەو شوێنانەی بەرکەوتەی ئەو زیانە کەوتوون.

ئەمەش دەقی سوپاسنامەکەیە.

سوپاسنامەیەک لەلایەن سەرۆکی فەرمانگەوە

بەناوی خودای گەورە و میھرەبان 

ڕێکخراوە کوردستانی و بیانیەکان

دوای داواکاری و بانگەوازەکەمان لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، بەناوی فەرمانگەکەمان فەرمانگەی ڕێکخراوەکانی ناحکوومی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سوپاسی ڕۆڵی گرنگ و بێ پایانتان دەکەین بۆ بە ھاناوەچوونی ھاووڵاتیانمان لەگشت شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە دەڤەری چەمچەماڵ کە بەھۆی کارەساتی کەشوھەوا و لافاوەوە بووە زیانێکی گەورە و گیانلەداستدانی ھاووڵاتی و زیانی ماددی.

ھەروەھا لێرەوە سوپاسی سەرجەم ھاووڵاتیانی بەشەڕەف و بە ئەمەکی ھەرێمەکەشمان دەکەین لەگشت شار و شارۆچکەکان کە نموونەی مەردایەتی و مرۆڤایەتی خۆیان نیشانداوە بەناردنی کەلوپەل و خۆراکی پێویست بۆ سەرجەم ئەو شوێنانەی بەرکەوتەی ئەو زیانە کەوتوون.

بەردەوامیتان جێگەی ڕێز و ستایشە، ھەر ھەبن و سەرفرازبن بۆ خزمەتی گەلەکەمان.

 

فەلاح حەسەن

سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوەکانی ناحکوومی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان