Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەعدی پیرە ئەو دوو بەرنامەیەی لە پێش پارتی و یەکێتییە بۆ KDP ئاشکرا دەکات

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، سەبارەی بە کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی ڕایدەگەیەنێت، ئێمە و پارتی دوو بەرنامەمان لەپێشە، هەروەها بە گەشبینیشەوە لە کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی دەڕوانێت.

په‌یوه‌ست به‌ كۆبوونەوەی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی هەردوو شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، تایبه‌ت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دوا و گوتی، "ئێمە دوو بەرنامەمان لەپێشە، یەکێکیان پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقە، کە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچووە، ئەوەی دیکەیان دەمێکە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە و حکوومەتی ھەرێم دروست نەبووە، ئەو کۆبوونەوەیەی بڕیارە ئه‌م ھەفتەیه‌ لە نێوان پارتی و یەکێتی بەڕێوەبچێت، سەبارەت بە پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، چونکە ئەگەر ئێمە سەرکەوتوو نەبین لە دامەزراندنی حکوومەتی ھەرێم، ئەوە لە بەغدا زۆر لاواز دەبین و زەرەری زۆریش دەکەین.

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەشڵێت، ئەگەر پارتی و یەکێتی سەرکەوتوو بن لە پێکھێنانی کابینەی حکوومەتی ھەرێم، بە دڵنیاییەوە لە بەغدا زۆر بەھێز دەبین و سوودی زۆری دەبێت.

پیرە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، "پێویستە کورد حکوومەتی نوێ لە ھەرێمی کوردستان دروست بکات و پێکەوە و بە ھاوبەشی بچێتە بەغدا و بەناوی ھەرێمی کوردستانیشەوە دانوستان بکات.

پەیوەست بەوەی تا چەند گەشبینە بە کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی كه‌ بڕیاره‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ به‌ڕێوه‌بچێت، سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی، "من بە گەشبینی لەدایک بوومە و ھەمیشە گەشبینم زۆریش گەشبینم بە کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی".

 

قائید میرۆ