ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەت و دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری چاندنی مۆخی ئێسک، یەکەمین کاروانی نەخۆشانی تالاسیمیا لە دەرەوەی وڵات گەڕانەوە.
ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیەند، دوای ناردنی چوار کاروانی نەخۆشانی تالاسیمیا بۆ دەرەوەی وڵات، یەکەمین کاروانی ئەو نەخۆشانە کە لە سێ تووشبوو پێکهاتبوون، دوای مانەوەیان بۆ ماوەی نزیکەی 100 ڕۆژ و ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکان بە سەرکەوتوویی، گەڕانەوە هەرێمی کوردستان و بە کەسوکاریان شاد بوونەوە.
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "بە سوپاسەوە بۆ مەسروور بارزانی، کە بە پەرۆشی و پاڵپشتیی بەڕێزیان ئەم پڕۆژە مرۆڤدۆستییە دەستیپێکردووە و هیوای خستۆتە ناو سەدان خێزانەوە."
وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا 172 هاووڵاتی نەخۆش، بەخشەر و هاوەڵەکانیان لە دەرەوەی وڵاتن بۆ هەمان مەبەست. تەواوی ئەو نەخۆشانە دوای پشکنین و ئامادەکارییە پزیشکییەکان لە کوردستان، ڕەوانەی دەرەوە کراون.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی خەرجییەکانی چوون و هاتنەوە، مانەوە، پشکنین و نەشتەرگەری لە ئەستۆ گرتووە و بودجەی پێویستی بۆ دابین کردوون.
وەزارەتی تەندروستی ئەوەشی خستەڕوو، بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا کاروانی پێنجەمی تووشبووان بۆ هەمان مەبەست ڕەوانەی دەرەوەی وڵات بکرێن.