Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی لە یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان دەکات

ھەولێر-KDP.info- سەرۆک بارزانی، بەبۆنەی یادی ٧٣ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان پەیامێکی ئاراستەی سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان ڕۆڵێکی بەرچاو و کاریگەری ھەبووە لە بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاری، پاراستنی مافەکانی ئافرەتان، و بەھێزکردنی پێگەی ئافرەتی کورد.

دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی:

بەناوی خودای بەخشندە و میھرەبان

بەڕێزان سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، بە ‌بۆنەی حەفتا و سێیەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی ئێوە و ھەموو ئەندامانی رێکخراوە تێکۆشەرەکەتان و سەرجەم ئافرەتانی کوردستان دەکەم.

یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان دەستکەوتێکی گرنگی خەباتی نەتەوەیی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستانە کە ڕۆڵێکی بەرچاو و کاریگەری ھەبووە لە بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاری، پاراستنی مافەکانی ئافرەتان، و بەھێزکردنی پێگەی ئافرەتی کورد. ئەم ڕێکخراوە بە تێکۆشانی بەردەوامی خۆی توانیویەتی دەنگی ئافرەتانی کوردستان بگەیێنێت و بەشێکی گرنگ بێت لە خەباتی نەتەوەیی و مەدەنیی گەلی کوردستان.

لەو یادەدا پێزانینم ھەیە بۆ خەبات و قوربانیدانی ئافرەتانی کوردستان و ئەو ئەرکەی کە لە قۆناغەکانی خەباتی گەلی کوردستان لەسەر شانیان بووە. دڵنیام یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان ھەر وەک قۆناغەکانی پێشووتری خەباتی خۆی، لە داھاتووشدا لە بەرەوپێشبردنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و بەرگریکردن لە ماف و داخوازییەکانی ئافرەتان ڕۆڵی پێشەنگانە دەگێڕێت.

ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم

 

مسعود بارزانی

١١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥