Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەڕێوەبەری کاروباری شوێنەواری هەرێم کاتی گەڕانەوەی شانەدەر زێت بۆ KDP ئاشکرا دەکات

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری کاروباری شوێنەواری لە ھەرێمی کوردستان دەڵێت، ئامادەکاری کراوە بۆ گەڕاندنەوەی شانەدەر زێت بۆ ھەرێمی کوردستان، کە بڕیارە لە ئەشکەوتی شاندەر مۆزەخانەیەکی کراوە دروست بکرێت و لەوێ دابنرێت، بۆ ئەوەی گەشتیار سەردانی بکەن، چونکە یەکەم نیاندەرتاڵە بەو جۆرە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بدۆزرێتەوە." 

محەممەد لەشکری، بەڕێوەبەری کاروباری شوێنەواری لە ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "دوای دۆزینەوەی شانەدەر زێت لە ئەشکەوتی شانەدەر بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کرا، بڕیارە دوای دوو ساڵ ئەگەر پشکنینی دیکەی بۆ نەکرێت، ساڵی داھاتوو بگەڕێندرێتەوە ھەرێمی کوردستان، ئەمە لەڕووی شوێنەوارییەوە ھەنگاوێکی باشە بۆ ھەرێمی کوردستان، چونکە ئەو نیاندەرتاڵەی لە شانەدەر دۆزراوەتەوە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست تاکە و تا ئێستا شتی وا نەبووە، کە تەمەنی بۆ ٧٥ ھەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە." 

محەممەد لەشکری گوتیشی، "ئامادەکاری کراوە بۆ ئەوەی بگەڕێندرێتەوە و لە مۆزەخانەی ئەشکەوتی شانەدەر دابنرێت، کە بڕیاری دروستکردنی دراوە، بۆیە دەبێتە مۆزەخانەیەکی کراوەی شوێنەواریی بۆ سەردانیکردنی گەشتیاران و بینینی شاندەر زێت، ئێستا دیزاینی مۆزەخانەکە تەواو بووە، ماوە دەست بە دروستکردنی بکرێت." 

توێژەرانی بەریتانی توانییان ڕوخساری ژنێکی  نیاندەرتاڵ لە کوردستان بدۆزنەوە، کە نزیکەی ٧٥ ھەزار ساڵ لەمەوبەر ژیاوە، کاسەسەری ئەو ژنە لەلایەن شوێنەوارناسانی زانکۆی کامبریج لە نێو ئەشکەوتی شانەدەر دۆزراوەتەوە و ناویان ناوە (شانەدەر Z)، بەپێی توێژینەوەکان (شانەدەر Z ) لەکاتی مردنیدا تەمەنی ٤٠ ساڵ بووە، دۆزینەوەکەش بە دەستکەوتێکی گرنگ و زانستی دادەنرێت بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر مرۆڤی نیاندەرتاڵ، ھەر لە تاقیگەی زانکۆی کامبریج و بە ھاوکاری دوو ھونەرمەندی ھۆڵەندی، توانراوە شێوەی ڕووخساری (شانەدەر زێت) بدۆزرێتەوە و بەشێوازی 3D نمایش بکرێت، چیرۆکی (شانەدەر زێت) و نوێترین ئەو دۆزینەوانەی لە بواری مرۆڤی نیاندەرتاڵدا کراوە، کراون بە دیکۆمێنتەرییەک لە پێگەی نێتفلێکس بەناوی (نھێنییەکانی نیاندەرتاڵ) بڵاوکراونەتەوە.

 

بڵند ئیبراھیم